"تانکی سەربانی ماڵەکانتان خاوێن بکەنەوە"

K24 - سلێمانی

نوێنەری تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی نوێنەری تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی مەترسییەکانی ژەنگ لەسەر جەستە و تەندروستی مرۆڤ ئاشکرا دەکات و داوا لەهاووڵاتییان دەکات تانکی سەربانی ماڵەکانیان خاوێن بکەنەوە.

د.ئیدریس ئەحمەد، پزیشک و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند "لەگەڵ ئەوەی ژەنگ مەترسی ژەهراویبون بەمادەی ئاسن و بڕین و زیان گەیاندنی بۆ ئەندامەکانی ناوەوەی لەش بەتایبەتی کۆئەندامی هەرس هەیە، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبون بە نەخۆشییەکانی جگەر".

گوتیشی: "لەسەر ئەو بنەمایە و بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بڕیاری داوە ئەو شوێنانەی خواردن و خواردنەوە بەرهەم دەهێنن، تانکی سەربانەکانیان بشۆرن و ئەو تانکییانەشی ژەنگیان کردوە بیگۆڕن".

دەشڵێت: "ویستی لیژنە هاوبەشەکان زیان گەیاندن نییە بە شوێنەکان، بەڵام بۆ پابەندکردنیان  بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن بەگشتی و تەندروستی بەتایبەتی خاوەن شوێنەکان رووبەڕووی رێکارە یاساییەکان دەکەنەوە".

د.ئیدریس ئەحمەد، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لەپێناو تەندروستی خۆتان و منداڵەکانتان و خۆپاراستن لە مەترسییەکانی پیسبوونی ئاوی تانکی سەربان و خاوێنکردنەوەی لەژەنگ، واباشترە شەش مانگ جارێک تانکییەکانتان بشۆن.