لە بازگەی شێراوە دەستگیرا بەسەر 17 کارتۆن جگەری قەدەغەکراو

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان لە بازگەی شێراوەی نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و کەرکووک دەستیگرتووە بەسەر 17 کارتۆن جگەری قەدەغەکراو کە زیاتر لە 135 کیلۆی لەخۆگرتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023) سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ لە بازگەی شێراوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە دەستگیراوە بەسەر 17 کارتۆن جگەری قەدەغەکراو کە هەوڵی هاوردەکردنی بۆ ناو شاری هەولێر دەدرا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو 17 کارتۆنەی دەستی بەسەردا گیراوە، هەر کارتۆنێک لە 20 پارچەی 400 گرامی پێکهاتووە کە قەدەغەیە بۆ بەکارهێنان و شوفێری ئۆتۆمبێلەکە هەوڵیداوە بەشێوەی شاراوە هاوردەی ناوشاری هەولێری بکات.
هەروەها روونیکردەوە، ئەو جگەرە قەدەغەکراوەی دەستی بەسەردا گیراوە، رادەستی قایمەقامیەتی هەولێر کراوە بۆ ئەوەی لە رێگەی لیژنە تایبەتمەندەکانەوە کاری لەسەر بکرێت بۆ لەناوبردنی.
لەبارەی ئەو شۆفێرەی هەوڵی هێنانی ئەو کارتۆنە جگەرە قەدەغەکراوەیدا بۆ ناوشاری هەولێر، سەرچاوەکە روونیکردەوە، بەگوێرەی یاسا دەستگیرکراوە و لەسەر فەرمانی دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
ئەمە یەکەمین هەوڵی رێگریکردن نییە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی بازگەکانەوە بۆ رێگریکردن لە هێنانی خواردنی خراپ و ماوەبەسەرچوو، ئەمەش لەپێناو پاراستنی گیان و تەندروستی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.