چین: لە بەکارهێنانی هێز بەرامبەر بە تایوان کەمتەرخەم نابین

ئاڵای كۆماری چینی میللی
ئاڵای كۆماری چینی میللی

K24 - هەولێر:

وەزیری بەرگریی چین رایده‌گه‌یه‌نێت، لە بەکارهێنانی هێز بەرامبەر بە تایوان، کەمتەرخەم نابن.

لی شانگفو وەزیری بەرگریی چین، رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ سەرلەنوێ یەکگرتنەوە لەگەڵ تایوان، کە کێشەی سەروەریی لەگەڵدا هەیە، لە بەکارهێنانی هێز کەمتەرخەم نابێت.

بەگوێرەی لێدوانەکانی تان کیفە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی، لی شانگفو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نگ ئینگ هێن هاوتا سەنگافورییەکەی،  جەختی لەوە کردووەتەوە، چین هەوڵی یەکگرتنەوەی ئاشتیانە لەگەڵ تایوان دەدات، بەڵام ئەگەر پێویست بکات بەدڵنیاییەوە "لە بەکارهێنانی هێز کەمتەرخەم نابن".

لی جەختی لەوە کردەوە، قبوڵ ناکرێت دەسەڵاتدارانی پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکرات لە تایوان، بۆ سەربەخۆیی پشتگیری لە وڵاتانی دیکە وەربگرن.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی چین، هەروەها راشیگەیاند: "بۆ یەکگرتنەوەی ئاشتیانە، هەر چییەکی لەدەستمان بێت دەیکەین. لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێن نادەین بۆ بەکارنەهێنانی هێز، لەکاتێدا دەسەڵاتدارانی پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکرات بە دوای پشتیوانیی دەرەکیدا بگەڕێن بۆ سەربەخۆیی تایوان و گەمارۆدانی چین".

پەیامەکەی وەزیری بەرگریی چین بە هۆشدارییەکی توند دادەنرێت بۆ سەنگافورە و وڵاتانی دیکەی ئەندامی کۆمەڵەی گەلانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ASEAN) بۆ ئەوەی لە پاڵ ئەمه‌ریکا و رۆژئاوا نەوەستن.​​​​​​​​​​​​​​

لە ساڵی 1949وە تایوان، بە شێوەیەکی کرداری بووەتە خاوەنی سەربەخۆیی، بەڵام تا ئێستا کۆماری گەلی چین، دوورگەی تایوان وەک بەشێک لە خاکی چین، وەسف دەکات و بەوهۆیەوە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیەیە ناکۆکی لە نێوان تایوان و چین، بەردەوامە.