هەڤاڵ ئەبوبەکر: دەروازەی شوشمێ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان زیاد دەکات
K24 - هەولێر
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، کردنەوەی دەروازەی شوشمێ لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کاریگەریی گەورەی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا دەبێت و ژمارەیەک هەلی کاریش دەرەخسێنێت.
ئەمڕۆ شەممە 3ـی حوزەیرانی 2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 باسی لە کردنەوەی دەروازەی شوشمێ لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرد و رایگەیاند، کردنەوەی دەروازەکە "کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی لەنێوان هەردوولا دەبێت، هەلی کار دەرەخسێنێت و ئامانجی ئێمەیە زۆرترین کاڵا بنێرینە دەرەوە و کەمترین کاڵا بنێیننە ناوەوەی هەرێمی کوردستان".
وەکو ئەوەی پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی پێ دا، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەو وڵاتە ژمارەیەک کارگە لەنێو خۆی هەرێمی کوردستاندا دروست بکات. گوتیشی، "ئەگەر زۆر بە وریاییەوە مامەڵە نەکەین، بابەتە ئابووری و سێکتەرە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرەو قەیرانێکی گەورە دەڕۆن، بەتایبەت لە بابەتی ئاسن و ئەو کەلوپەلانەی دێننە ناوەوەی هەرێمی کوردستان".
هەر لەوبارەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "پارێزگای سلێمانی یەکەم پارێزگایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووی بەرهەمهێنانی ئاسنەوە، کەچی ئێستا گرفتێکی گەورە لەم سێکتەرەدا دروستبووە. بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە وریاییەوە مامەڵە رێککەوتنە ئابوورییەکان بکات، کە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا واژوو کراون".
هەڤاڵ ئەبوبەکر بە پێویستی دەزانێت پەیوەندییە ئابووری، کەلتووری و گەشتیارییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بەهێزتر بکرێن، "چونکە ئەگەر ئەمەمان نەکرد، گرفتی گەورە لە بونیاتی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت".
رۆژی هەینی 2ـی حوزەیرانی 2023، کاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانەکەی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و لەمیانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئازاد تۆفیق لەگەڵ تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان کۆبووەوە.
کاوە شێخ عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، له کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەڵەبجە کرانەوەی پرۆسەی گەشتیاری بۆ هاووڵاتیان لە مەرزی شۆشمێ تەوێڵەوە بە گرنگ باسکردووە و ئامادەکارییەکانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی لە مەرزەکەوە بۆ باس کردن.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە روونیشیکردەوە، پارێزگاری کرماشان ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ ئەو هەنگاوی کرانەوەیە خستەڕوو و جەختی لەوەکردەوە، ئەوان پێیان باشە هەرچی زووە مەرزەکە بکرێتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هاوکات مامۆستا قادری قادی ئیمام جومعەی پاوە کە ڕۆڵێکی کارایی لەکردنەوەی مەرزەکەدا هەبووە، لە گوتاری هەینیدا ئاماژەی بە گرنگی کردنەوەی ئەم مەرزە بۆ هاووڵاتیان کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا بە فەرمی کردنەوەی مەرزەکە ڕادەگەیەنن.
کاوە شێخ عەلی گوتیشی، بڕیاری کردنەوەی مەرزەکە وەک مەرزێکی گەشتیاری و بازرگانی بڕیاری لەسەر دراوە و بڕیارە دوای ڕێکارە ئیداریەکان ئامادەکاریەکان بەڕەسمی بڕیارەکە ڕادەگەیەنرێت.