لە بازگەی شێراوە دەست بەسەر 20 کارتۆن جگەری قەدەغەکراودا گیرا

K24 – هەولێر:
لە بازگەی شێراوە لەلایەن ئاسایشی بازگەکانەوە دەست بەسەر بڕی 20 کارتۆن جگەری قەدەغەکراودا گیرا کە هەوڵی هاوردەکردنی بۆ شاری هەولێر دەدرا.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (4ـی حوزەیرانی 2023)، لە بازگەی شێراوە لەلایەن تیمەکانیانەوە تواندرا دەست بەسەر بڕی 20 کارتۆن جگەری قەدەغەکراو بگیرێت کە شۆفێرێک بە ئۆتۆمبێلی جۆری "پیکاب" بەنیازبوو هاوردەی شاری هەولێر بکات و لەناو ئۆتۆمبێلەکەی شاردرابووەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جگەرەی دەستی بەسەردا گیراوە کە شیاوی خواردن نییە و رادەستی قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر کراوە بۆ ئەوەی لەلایەن لیژنە تایبەتەکانەوە لەناوببرێت.
لەبارەی چارەنووسی ئەو شۆڤێرەی ئەو کارەی ئەنجامداوە، سەرچاوەکەی کوردستان24 لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان روونیکردەوە، شۆفێرەکە دوای دەستگیرکردنی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە لەسەر فەرمانی دادوەر رەوانەی بەردەم یاسا کراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023) سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە بازگەی شێراوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە دەستگیراوە بەسەر 17 کارتۆن جگەری قەدەغەکراو کە هەوڵی هاوردەکردنی بۆ ناو شاری هەولێر دەدرا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو 17 کارتۆنەی دەستی بەسەردا گیراوە، هەر کارتۆنێک لە 20 پارچەی 400 گرامی جگەری قەدەغەکراو پێکهاتووە و شوفێری ئۆتۆمبێلەکە هەوڵیداوە بەشێوەی شاراوە هاوردەی ناوشاری هەولێری بکات.
هەوڵەکانی هێزەکانی ئاسایشی بازگەکان بەردەوامە بۆ رێگریکردن لە هێنانی خواردنی خراپ و ماوەبەسەرچوو، ئەمەش لەپێناو پاراستنی گیان و تەندروستی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.