ئەمەریکا: ئەوهاوپەیمانێتیەی ئێران بە نیازە بیکات لۆژیکی نییە

تیم هۆکینز
تیم هۆکینز

K24 - هەولێر

گوتەبێژی کەشتی پێنجەمی ئەمەریکا و هێزە دەریاییە هاوبەشەکان، تیم هۆکینز، دەڵێ: ئەو هاوپەیمانییەی کە ئێران نیازی خۆی بۆ پێکهێنانی لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو راگەیاندووە، لۆژیکی نییە.

ماڵپەڕی "بریکینگ دیفینیس" کە تایبەتە بە هەواڵە سەربازییەکان، لە زاری تیم هاوکینزەوە دەڵێت، "ئێران بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە لە ناسەقامگیری ناوچەکە، چونکە دەیەوێت هاوپەیمانییەکی ئەمنی دەریایی پێکبهێنێت بۆ پاراستنی ئەو ئاوانەی کە مەترسی لەسەر دروست دەکەن".

سوپای ئێران رایگەیاندبوو، هاوپەیمانێتیەکی دەریایی پێکدەهێنێت لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، لەوانە سعوودیە و ئیمارات و قەتەر.

رۆژی هەینی رابردوو، فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران، شەهرام ئێرانی گوتی: بەم نزیکانە هاوپەیمانییەکی هاوبەشی هێزی دەریایی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پێکدەهێنین، لەوانە سعوودیە و ئیمارات و قەتەر و بەحرەین و عێراق.

شەهرام ئێرانی دەڵێت: "پێشتر لەگەڵ عومان چالاکی هاوبەشمان هەبوو، ئێستاش سعوودیە بەرەو ئەم ئاراستەیە دەڕوات، هەروەها قەتەر و بەحرەین وعێراق و پاکستان و هیندستان".

شەهرام ئێرانی جەختی لەوەکردەوە، نزیکەی هەموو وڵاتانی ناوچەی باکووری زەریای هیند ئێستا پێیان وایە پێویستە لە پاڵ ئێران بوەستن و بگەن بە ئاسایشی هاوبەش لە ناوچەکە.