ناتانیاهۆ: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ملکەچی ئێران بووە
K24 - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە شکستهێنان لە چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران تۆمەتبار کرد، ئاماژەی بەوەشدا، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بووەتە ئۆرگانێکی سیاسی و بەمشێوەیە پەیوەندییەکەی لەدەستداوە.
رۆژی یەکشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: ئێران بەردەوامە لە درۆکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، خۆ رادەستکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە گوشارەکانی ئێران پەڵەیەکی رەشە لەسەر کاری ئەم دەزگایە.
لە کۆبوونەوەی کابینەکەدا جەختی لەوەکردەوە: ئێمە ئەو زانیاریانەمان ئاشکرا کرد کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە چوارچێوەی ئەرشیفی ئەتۆمی نهێنی ئێراندا بۆ ئیسرائیل هێنامانە بەر چاوی تەواوی جیهان، کە ئەو زانیاریانەن بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە سەلماندیان ئێران رێکەوتنەکانی چاودێریکردن پێشێل دەکات.
ئەم رەخنەی ناتانیاهۆ دوای راپۆرتێکی هەفتەی رابردووی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هات، کە پێشنیاری کردبوو ئێران وەڵامێکی دڵخۆشکەری سەبارەت بە دۆزینەوەی گەردیلە گومانلێکراوەکانی یۆرانیۆم لە یەکێک لە شوێنە نهێنییە سەرەکییەکان داوەتەوە.
لەگەڵ پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بۆ لە سەدا 60 کە بەسە بۆ دروستکردنی دوو بۆمبی ئەتۆمی ئەگەر پلەی پاکییەکەی زیاد بکرێت، هاوکات ئێران ئەو زانیاریە رەت دەکاتەوە، ئیسرائیل هەڕەشە دەکات کە ئەگەر دیپلۆماسی نێودەوڵەتی نەتوانێت ئێران بوەستێنێت، ئەوە هێرشی سەربازی پێشوەختە ئەنجام دەدات.
ناتانیاهۆ روونیکردەوە: ئەو بیانووانەی کە ئێران لە ساڵانی دوای ئەو کاتەی بانگەشەی بۆ کردووە، کە پاساو بۆ بوونی مادەی ئەتۆمی لە شوێنە قەدەغەکراوەکاندا دەهێنێتەوە، جێی متمانە نین و تەنانەت لە ڕووی تەکنیکییەوە مەحاڵن.
دوای کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2018، تاران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیادکردووە. لەگەڵ دەستبەکاربوونی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کە ئارەزووی زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکەی نیشانداوە، تاران رێژەی پیتاندنی بۆ لەسەدا 20 لە دامەزراوەکانی فۆرۆدۆ و ناتانز بەرزکردەوە بۆ لەسەدا 60.
بەرپرسانی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا دەڵێن تاران دەتوانێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لە ئاستی پیتاندنی لەسەدا 60 وە، بچێتە ئاستی لەسەدا 90ی کە ئەمەش بەسە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.