بەرزەپردێک لە کەلار دروست دەکرێت

K24 - هەولێر
بۆ یەکەمجارە بەرزەپردێک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دروست دەکرێت، کە درێژییەکەی 825 مەترە و تێچووەکەی سێ ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە.
بەرزەپردەکە دەکەوێتە سەر رێگەی قەزای کەلار و ناحیەی رزگاری، پڕۆژەکەش لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی کەلارەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار، رایگەیاند: "بە تەواوبوونی بەرزەپردەکە، ئاستەنگى هاتووچۆى ھەردوو رێگەی قەزای کەلار- ناحیەی رزگاری و شەقامی پشتێنەیی کەلار، چارەسەر دەکات".
ئێستا %70ـی پڕۆژەکە تەواو بووە و کارکردن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە بەردەوامە.
سەرۆکی شارەوانیی کەلار، لەبارەی کاریگەریی بەرزەپردەکەوە گوتی: "زۆرترین ئۆتۆمبێل دەتوانن بەرزەپردی رێگاکە بەکار بێنن و جەنجاڵیی هاتووچۆی رێگاکەش کەم دەکاتەوە".
سەرچاوە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری