وەزارەتی دەرەوەی سوودان: پیشوازی لە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان ناکەین

دیمەنێکی خەرتوومی پایتەختی سوودان
دیمەنێکی خەرتوومی پایتەختی سوودان

K24 - هەولێر:

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی سوودان بڵاویکردەوە، فۆلکەر پێرتیس نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سوودان میوانێکی رێزلێگیراو نییە، چونکە لە جەنگی سوودان بێلایەنی خۆی نەپاراستووە و زانیاریی هەڵەی سەبارەت بە حکومەت بڵاوکردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سوودان جەختی لەوەشکردووە، دەستنیشانکردنی فۆکڵەر پێتریسی ئەڵمانی وەک نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سوودان کارێکی هەڵەیە و داوای گۆڕینی دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سوپای سوودان رایگەیاندبوو، قسەکانی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سوودان گرنگ نین، چونکە لایەنگری تێدایە و هەوڵی ناوزڕاندنی حکومەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەدات.

لە 15ی نیسانەوە، ململانێ و شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵداوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1800 کەس و ئاوارەبوونی 1.4 ملیۆن کەس لە ناوخۆ، هەروەها نزیکەی 350 هەزار کەسی دیکەش هەڵاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێ.

هاووڵاتیانی سوودان بەدەست کەمی سەرچاوەی خۆراک و ئاوی خواردنەوە و پچڕانی کارەبا و پەیوەندییەکانەوە دەناڵێنن.