حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی موحسن ره‌زایی ده‌داته‌وه

هەڵەن و هیچ بنەمایەكی نییە ‌

K24 – هه‌ولێر

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان لێدوانێكى موحسن ڕەزایی ئەمینداری كوڕی ده‌ستنیشانكردنی به‌رژوه‌ندییه‌كانی نیزامی كۆماری ئیسلامیی ئێران ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و به‌بێ بنه‌ما وه‌سفی ده‌كات.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

بەڕێز موحسن ڕەزایی ئەمینداری ئەنجومەنی تەشخیسی مەسڵەحەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی شەبەكەی یەكی وڵاتەكەی باسی لەوە كردووە كە وڵاتی سعوودیە یارمەتیی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێرانی داوە و لە شاری هەولێر دوو حزبی كوردی ڕۆژهەڵاتی چالاك كردووە و بنكەیان لە نزیك سنوورەكان ئێران دامەزراندووە و ئەگەر ئەوان هەر بەردەوام بن و حكوومەتی هەرێم بیرێك لەم بابەتە نەكاتەوە، ئەوا بەمزووانە لەدژیان ئۆپه‌راسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدەین و ئۆباڵەكەیش دەخەینە سەر شانی سەرۆك بارزانی.

لە وەڵامی ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایدەگەیه‌نین كە:

یەكەم: سەرتاپای ئەو زانیاری و لێكدانەوانەی بەڕێز موحسنی ڕەزایی لەبارەی ڕووداوە سنوورییەكانی ئەم دواییه‌وە كە لە چاوپێكەوتنەكەدا باسی كردووە هەڵەن و هیچ بنەمایەكی نییە.

دووەم: كۆمیتەیەكی هاوبەشی ئەمنی لەنێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستاندا هەیە. هەر گرفت و كێشەیەك هەبێت لەو كۆمیتەیەدا باس دەكرێ و چارەسەر دەكرێ. ئەگەر یەك بەڵگە هەبێت لەسەر ڕاستیی قسەكانی بەڕێز ڕەزایی، با كۆمیتەی هاوبەشی ئەمنی بەدواداچوونی بۆ بكات.

سێیەم: بەلای هەرێمی كوردستانەوە ئاساییش و سەقامگیریی كۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگە و بایەخی هەیە و بە ئاساییشی ئێران ئاساییشی ناوچەكەیش پارێزراو دەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا هەر لایەنێك دەبێ خۆیشی بتوانێ هۆكاری گرفتەكان بدۆزێتەوە و كار بۆ چارەسەركردنی بكات.

چوارەم: پەرۆشین بۆ قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەش و دۆستایەتیی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.

18/7/2016