یاسین ساڵح: ساڵانە پێشکەشکردنی خوێندنی باڵا بەردەوامدەبێت

یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا
یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، رایگەیاند، پرۆسەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو. هاوکات گوتیشی:  ساڵانە پێشکەشکردنی خوێندنی باڵا بەردەوادەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (13ــی حوەزایرانی 2023)، یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە 15 هەزار قوتابی داواکارییان پێشکەشکردبوو بۆ خوێندنی باڵا کە خۆی دەبینێتەوە لە (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا)، هەروەها پڕۆسەی تاقیکرنەوەی توانستی زانستی پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا بە شێوازێکی سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو.

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە، راشیگەیاند، خواستێکی زۆر هەیە لەلایەن قوتابییانی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی باڵا، هەروەها لە ساڵی 2019ــەوە خوێندنی باڵا لە کوردستان نەکرابووەوە ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە دوا بکەوێت.

لەبارەی تامەزرۆیی هاووڵاتییان بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ خوێندنی باڵا، یاسین ساڵح، روونیکردەوە، هۆکاری تامەزرۆیی هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ئابووری، چونکە بڕوانامە کاریگەری هەیە لەسەر بەرزکردنەوەی مووچە و مەرتەبە، ئەمەش وادەکات کە بەشێکی زۆر لە فەرمابەرانی کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت بە تامەزرۆییەوە بێن بەشداریبکەن لە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ خوێندنی باڵا.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەوانەی بڕوانامەی باڵایان هەیە لەرووی دەرفەتی کارەوە چانسێکی زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی لە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان کاریان دەستکەوێت و بتوانن زیاتر خۆیان بەرەوپێشببەن.

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە، ئاماژەی بەوەدا، ساڵانی رابردوو بە هۆکاری ئەوەی قەیرانی دارایی و کۆرۆنا، خوێندنی باڵا لە کوردستان نەکرابووەوە، لەو چوارچێوەیەشدا رێژەیەکی زۆری قوتابییان بۆ مەبەستی خوێندنی باڵا روویان لە دەرەوەی وڵات دەکرد، ئەمەش بەدەر لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، لەلایەکی دیکەوە لە پێویستی ناوخۆیی زیاتر بوو.

گوتیشی: کردنەوەی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر رێژەی چوونە دەرەوەی قوتابییان بۆ دەرەوەی وڵات و ئەو رێژەیە کەمدەبێتەوە، هەروەها رێژەی بردنە دەرەوەی داهاتیش کەمدەبێتەوە بۆ دەرەوەی وڵات.

باسی لەوەشکرد، کردنەوەی خوێندنی باڵا ساڵانە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی داهاتی زانکۆکان، هاوکات "دەمانەوێت چوونە دەرەوەی داهاتی هەرێمی کوردستان کەم بێتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، دەمانەوێت ئەو داهاتە لەناوخۆ بەکار بێتەوە".

سەبارەت بە پلانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی پێشکەشکردنی خوێندنی باڵا، یاسین ساڵح، رایگەیاند، پلانێکی گونجاومان داناوە کە ساڵانە پلانی پێشکەشکردنی خوێندنی باڵا بەردەوامبێت و وادەکەین ببێتە پرۆگرامێکی ساڵانە، هەروەها دەرفەتێکی زۆر ناوازەیە بۆ ئەوانەی خواستیان هەیە بڕوانامەی بەرز بەدەست بهێنن.

هاوکات راشیگەیاند، بۆ ساڵانی داهاتوو کورسی تەرخانکراو بۆ خوێندنی باڵا لە سەرجەم بەشەکان کەمدەکرێتەوە، چونکە ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵە خوێندنی باڵا نەکراببوەوە کورسییەکان زۆر زیاتر بوون، لە رێژەی ستانداردی دیاریکراو.

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە، لە بارەی دەرفەتی پێشکەشکردنی خوێندنی باڵا لە زانکۆ تایبەتەکان، رایگەیاند، ئەگەر زانکۆ تایبەتەکان لە ساڵانی داهاتوودا لەرووی ئاستی ئەکادیمی بگەنە ئەو ئاستەی کە بتوانن خوێندنی باڵا بکەنەوە بە دڵنیاییەوە پستگیرییان لێ دەکەین.

هەروەها راشیگەیاند، ئەوەپەڕی هەوڵی خۆمانداوە وەرگرتنی قوتابییان لە خوێندنی باڵا زۆر شەفاف بێت و بە دور بێت لە پێشێلکردنی مافی قوتابییان، هەروەها هەوڵدراوە بەوپەڕی دادپەروەرییەوە پرۆسەی وەرگرتن بەڕێوەبچێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 14 زانکۆی حکومی، خوێندنی باڵای (دکتۆرا، ماستەر، دبلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی) راگەیاند و رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، 15 هەزار و 728 پێشکەشکار تاقیکردنەوەی توانستی زانستییان ئەنجامدا.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، دوو هەزار و 692 پێشکەشکار بۆ خوێندنی دکتۆرا، 11 هەزار و 382 پێشکەشکار بۆ خوێندنی ماستەر و 177 پێشکەشکار بۆ خوێندنی دبلۆی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و هەزار و 477 پێشکەشکار بۆ خوێندنی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، 553 فێرخواز بۆ خوێندنی دکتۆرا، هەزار و 992 فێرخواز بۆ خوێندنی ماستەر و هەزار و 714 فێرخواز بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس لە دەرەوەی وڵاتن.

لەو رێژەیەشدا، زۆرترین فێرخواز لە وڵاتی ئێران دەخوێنن کە ژمارەیان دوو هەزار و 690 کەسە، دوای ئەویش وڵاتی تورکیا دێت کە 840 فێرخوازی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە دەخوێنن. هاوکات 125 فێرخوازی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی بەریتانیا و 50 فێرخوازی دیکەش لە میسر دەخوێنن و لە وڵاتی چین 45 فێرخواز و لە وڵاتی ئەڵمانیا 35 فێرخواز و لە وڵاتی ئەمەریکاش 21 فێرخوازی هەرێمی کوردستان هەن.