بێگەرد تاڵەبانی: بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان پێویستە هەنگاوی ستراتیژی بنێین

K24 – هەولێر

وەزیری کشتوکاڵ رایدەگەیەنێت، ئاماژەکانی گۆڕانی کەشوهەوا مەترسیدارن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان پێویستە هەنگاوی ستراتیژی بنێین.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی راگەیاندنی کۆمەڵەی هەرەوەزی ئاودێر بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: هەموو پشتیوانییەکی ئەو کۆمەڵەیە دەکەم، بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانتان بە سەرکەوتووی ئەنجامبدەن، چونکە ئەم کۆمەڵەیە جیاوازتر لە کۆمەڵەکانی دیکە کۆکراوەی کۆمەڵێک کەسی خاوەن ئەزموون و زانست و توانایە، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتێکی گەورە بۆ جووتیاران، بۆ ئەوەی هەموو خواستی خۆیان لە پیشەی جووتیاری دا بەدی بهێنن".

وەزیری کشتوکاڵ گوتیشی: "وتەیەک هەیە دەڵێ هەر گەلێک خاوەنی نانی خۆی نەبێ ناتوانێ خاوەنی بڕیاری خۆی بێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵەکانی رابردوودا چەندین ئەزموونمان تاقیکردەوە، ئەگەر ئەزموونە سیاسییەکانمان بەراورد بکەین لەگەڵ ئەزموونی حوکـڕانی ئێستامان بە کەموکورتییەکانماندا بڕۆینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئێمە کەمتەرخەم بووین ئاستی توێژێکی هەرەگرنگی ئەم وڵاتە ئەویش جووتیارە و مامەڵە لەگەڵ ئەم خاکە پیرۆزە دەکات، کە بەرهەمی خوانی خێزان و تاکی دێتدا دەخرێتە سەر خوانەکان".

بێگەرد تاڵەبانی، راشیگەیاند: "شەڕە سیاسییەکان هەموویان یەک لە دوای یەک بە وتوێژێک کۆتاییان دێت، بەڵام شەڕی گرانی خواردن و نەمانی خۆراک دەبێتە مایەی لەناوبردنی کۆمەڵگەکان، گۆڕانی کەشوهەوای ئەم چەند ساڵەی دوایی ئاماژەی مەترسیدارمان پێدەڵێت، وامان لێدەکات وەکو هەرێم و ناوچەیەکی کشتوکاڵی و وەکو سەبەتەی خۆراکی ناوچەکە دەبێ هەنگاوی ستراتیژی بنێین بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببینەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ لە کابینەی نۆیەمی حکومەتم، هەر زوو درکمان بەوەکرد، پێویستمان بە دامەزراندنی کۆمەڵەکانی سێکتەری کشتاکاڵی هەیە، هەر بۆیە لەگەڵ چەند رێکخراوێکدا توانیمان میکانیزمێکی گونجاو دابڕێژین، بۆ هەمان مەبەست لیژنەیەکی باڵا بە سەرپەرشتی بریکاری وەزیر لە وەزارەتی کشتوکاڵ پێکهێنرا، بۆ ئەوەی کۆمەڵە هەرەوەزییەکان لە چوارچێوەی یاسادا رێکبخەین، بەداخەوە رەنگە نەتوانین لە کابینەی نۆیەم ئەو پڕۆژەیاسایە بنێرینە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد دەکەم لە کابینەی داهاتوودا کۆمەڵەی هەرەوەزی ئاودێری یەکەم کاریان ئەوە دەبێت".