گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بۆ كوردستان24: هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سامانە سرووشتییەکان دەچینە تورکیا

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتەکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیا دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (15ـی حوزەیرانی 2023)، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی سەردانەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندەکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەچنە تورکیا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئەو شاندەی دەچنە تورکیا شاندێکی تەکنیکییە و گفتوگۆی یەکلاکەرەوە ئەنجام دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی تورکیا لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردوو، چاوەڕێ دەکرێت گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، بچێتە قۆناغێکی دیکەوە و بەغدا و ئەنقەرە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی کە پێشتریش حکومەتی تورکیا هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی بۆ کێشەی تەکنیکی و پێویستی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت بە پشکنین و سەرقاڵییان بە هەڵبژاردنەکان گەڕاندبووەوە.
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاشكرایکردووە کە 19ـی ئه‌م مانگه شاندی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه.
باسم محەممه‌د عه‌بادی، بریكاری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاشكرایكردووه، له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركیا گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن له 19ـی ئه‌م مانگه له‌سه‌ر پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت له كێڵگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی به‌نده‌ری جەیهانی توركیاوە كۆببنه‌وه.
عه‌بادی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، له‌ماوه‌ی رابردوودا له رێگه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی په‌یامی هه‌ردوولاوه رامانگه‌یاندووه پێویسته هه‌رچی زووه ده‌ست به پرۆسه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له رێگه‌ی به‌نده‌ری جەیهانه‌وه بكرێته‌وه و لایه‌نی توركیش پێیان راگه‌یاندوون هۆكاری دواكه‌وتنه‌كه بۆ كاری ته‌كنیكی و پشكنینی بۆڕییه‌كه بووه.
لە کاتێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە کە عێراق رۆژانه له رێگه‌ی به‌نده‌ری به‌سڕه‌وه سێ ملیۆن و 300 هه‌زار به‌رمیلی هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی جیهان ده‌كات.
دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتر شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و گەیشتن بە رێککەوتن، سەردانیان بەغدایان کرد.
هەروەها رۆژی (سێشەممە 4ی نیسانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێ‌کرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژووکرا.
دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانیش لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی تورکیا کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی لایەنی تورکیان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.