بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی چین دەکات
K24 - هەولێر:
رۆژی یەکشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانێکی دیپلۆماسی بۆ وڵاتی چین ئەنجامدەدات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و چین.
بلینکن دەبێتە باڵاترین بەرپرسی ئەمەریکا کە سەردانی چین بکات، لەدوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا، هەروەها یەکەم وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەبێت کە ئەم گەشتە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئەنجام بدات، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش توندتر بوون.
دوژمنایەتی و تۆمەتەکان بە شێوەیەکی بەردەوام پەرەیان سەند بەهۆی زنجیرەیەک ناکۆکی کە کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیری جیهانی هەیە.
سەرچاوەکان دەڵێن، "بلینکن رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە لە چین کۆبوونەوە ئەنجامدەدات، رەنگە لەگەڵ شی جینپینگ سەرۆکی چین کۆببێتەوە".
رۆژی هەینی (16ــی حوزەیرانی 2023)، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند،"ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئەوەیە هەردوو وڵات بتوانن پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بەڕێوەببەن و دوور بکەونەوە لە لێکدانەوەی هەڵە".
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی چین هەینی رایگەیاند، دەرگای چین هەمیشە کراوەیە بۆ گفتوگۆگان لەگەڵ ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەرگیز نەوەستاون.
وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە چین و ئەمەریکا پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و یەکسانی پەرەپێبدەن.
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، پێشتر تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەمریکا چاوەڕوانی هیچ پێشکەوتنێک ناکات لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و لە سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن بۆ ئەو وڵاتە.