وابڕیارە ئەم هەفتەیە وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبکرێت

K24 – هەولێر:

وابڕیارە ئەم هەفتەیە وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت. لەمبارەیەوە گوتەبیژی دەزگای بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، پێمانباشە ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و دوانەخرێت.

چاوەڕێدەکرێت وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبکرێت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە فەرمی لە وادەکە ئاگاداربکرێتەوە، لەم بارەیەوە، هاوار محەمەد، گوتەبیژی دەزگای بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پێمانباشە ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و ئەگەر لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێت ئەوە باشتریشە".

راشیگەیاند، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەتوانێت هەردوو هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات.

لەلایەن خۆیەوە، هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کاتێکدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانی  هەر هەڵبژاردنێک پێویستی بە شەش مانگ  ئامادەکاری هەیە، بەڵام ئەو کاتە بۆ ئامادەکاری زۆرە و هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیاتر دوادەخات. گوتیشی: مەیلێک هەیە دەیەوێت هەڵبژاردن زیاتر دوابخات.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق (سێشه‌ممه‌ 30ـی ئایاری 2023) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی پێنجه‌م به‌ نایاسایی بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌ و رایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی دوای ته‌واوبوونی چوار ساڵی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ركراون، به‌ بڕیاری پووچه‌ڵ هه‌ژمار ده‌كرێن.

Fly Erbil Advertisment