هەنگوینی بەدلیسی باکووری کوردستان خەڵاتی هەنگوینی زێڕین بەدەستدەهێنێت

هەنگوینی بەدلیسی باکووری کوردستان
هەنگوینی بەدلیسی باکووری کوردستان

K24 – هەولێر:

دوای دەرچوونی لە سەرجەم پشکنینەکان لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتی هەنگوین لە لەندەن، هەنگوینی بەدلیسـی باکووری کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و خەڵاتی "هەنگوینی زێڕین" ـی پێبەخشرا و بوو بە یەکەمی جیهان.

شاخە بەرزەکانی بەدلیسـی باکووری کوردستان ژینگەیەکی خاوێن و گونجاویان هەیە و بەهۆی بوونی گژوگیای تەندروستی سوودبەخش و کەشی گونجاو بۆ لەخۆگرتنی هەنگەکان، بەرهەمێکی ناوازەی هەنگوین بە هەنگەوانانی ئەو ناوچەیە دەبەخشێت.

پێشبرکێیەکە مانگی رابردوو لە لەندەن بەڕێوەچوو، هەنگوینی بەدلیس لەنێو نموونەی 600 هەنگوینی 120 وڵاتی جیاواز توانی لە سەرجەم پشکنینەکان، پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و بووە جێگەی دڵخۆشی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە.

سەردار ئەرسان ئەو  هەنگەوانەیە کە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو خەڵاتەکەی بەدەست بگات و دەڵێت، خانەوادەکەی 100 ساڵە هەنگەوانن و زۆر دڵخۆشە چونکە ناوی بەدلیسـی بە جیهان ناساندووە.

ئەو هەنگەوانەی باکووری کوردستان رایگەیاندووە، "بەرهەمەکانمان لە کەشێکی سرووشتیدا لە شاخەبەرزەکانی بەدلیس بەرهەمدەهێنین. کەشەکە زۆر تایبەتە و چەندین درەخت و گوڵی جیاوازی لەخۆگرتووە کە سەرجەمیان وەکو چارەسەری سرووشتی بەکاردەهێندرێن. ئامانجمان ناساندن و گەیاندنی هەنگوینی شارەکەمانە بۆ سفرەی جیهان".

هەروەها سەردار ئەرسان ئاماژەی بەوەشکردووە، دووەم جارە خەڵاتێکی نێودەوڵەتی لە بواری هەنگەوانیدا بەدەست دەهێنێت و ساڵی 2017 لە کۆنگرەی هەنگەوانانی جیهان هەمان پلەی بەدەستهێناوە و زیاتر گوتی، "پارێزگاکەمان لەرووی زەویناسییەوە زەوییەکی بەپیتی هەیە و چەندین کانزای جیاواز لەخۆ دەگرێت. بۆیە چەندین گژوگیای سوودبەخش لە خاکەکەمان دەڕوێت و سەرجەمیشیان خۆرسک و سرووشتین".

شاخە بەرزەکانی بەدلیس ـی باکووری کوردستان ژینگەیەکی خاوێن و گونجاویان هەیە بۆ بەخێوکردنی هەنگ، بەهۆی بوونی گژوگیای تەندروستی سوودبەخش و ژینگەیەکی لەبار بۆ لەخۆگرتنی هەنگەکان، بەرهەمێکی ناوازەی هەنگوین بە هەنگەوانانی  ئەو ناوچەیە دەبەخشێت کە بۆن و بەرامێکی جیاوازی هەیە و تایبەتمەندییەکانی لەگەڵ هەنگوینەکانی دیکە جیاوازە.

Fly Erbil Advertisment