گەشتوگوزاری هەڵەبجە: لە شەش مانگدا 250 هەزار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە کردووە

K24 – هەڵەبجە

ژمـارەیەکی زۆری گەشتیار لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە رۆژانە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەتایبەتی سنووری پارێزگای هەڵەبجە ئەوان دڵخۆشن بە ئارامی و سەقامگیری شارەکانی هەرێمی کوردستان.

هەورامان جەلال، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەنها لە ماوەی شەش مانگدا 250 هەزار گەشتیار سەردانی سەرچاوەی زەڵم، ئەحمەدئاوا و هەورامانیان کردووە، کە زۆرینەشیان گەشتیاری عەرەبوون.

 گوتیشی: "تیمی تایبەتمان لە ناوچە گەشتیارییەکان پێکهێناوە و ئارامی و ئاسایش هەیە، هەر ئەمەش وایکردووە، گەشتیاران رووبکەنە ناوچە گەشتیارییەکان، پێشبینی دەکەین ئەمساڵ ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەکەمان زیاتر بکرێت".

هالە عەدنان، یەکێکە لە گەشتیارە عەرەبەکان، بۆ بینینی دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە رووی لەو ناوچەیە کردووە، ئەو دەڵێت: "شوێنەکە زۆر جوان و دڵگیرە، بێگومان زۆرینەی خەڵکی بەغدا سەردانی کوردستان دەکەن، سەردانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی دەکەن، بە تایبەت تاڤگەی ئەحمەدئاوا، کەشەکە زۆر خۆشە و زۆر لە بەغدا باشترە".

گەشتیارێکی دیکە بەناوی زوهێرعەبدولجەبار، دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ برادەران لە بەغداوە هاتووین، سوپاس بۆ خوا دانیشتووانی سەرجەم پارێزگاکان لێرەین لە کوردستانین، ئاسایش و خزمەتگوزاری فەراهەمە، کەشەکە خۆشە".