وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کوردستان24: سبەی لە بەغدا هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و وزەی تورکیا کۆدەبنەوە

K24 – بەغدا:
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، سبەی هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و وزەی تورکیا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (18ـی حوزەیرانی 2023)، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، وابڕیارە سبەی هەردوو شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی تورکیا لە بەغدا کۆببنەوە لەبارەی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
عاسم جیهاد ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکە لە بەغدا ئەنجام دەدرێت و تیمی هەردوو وەزارەتەکە تەکنیکین و باس لە کێشە تەکنیکییەکانی دستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی تورکیا لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردوو، چاوەڕێ دەکرێت گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، بچێتە قۆناغێکی دیکەوە و بەغدا و ئەنقەرە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی کە پێشتریش حکومەتی تورکیا هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی بۆ کێشەی تەکنیکی و پێویستی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت بە پشکنین و سەرقاڵییان بە هەڵبژاردنەکان گەڕاندبووەوە.
هەفتەی رابردووش باسم محەممهد عهبادی، بریكاری وهزارهتی نهوتی عێراق رایگەیاندبوو، لهگهڵ لایهنی توركیا گهیشتوونهته رێككهوتن له 19ـی ئهم مانگه لهسهر پرسی ههناردهكردنهوهی نهوت له كێڵگهكانی ههرێمی كوردستان له رێگهی بهندهری جەیهانی توركیاوە كۆببنهوه.
عهبادی ئاماژهی بهوهشكردووه، لهماوهی رابردوودا له رێگهی گۆڕینهوهی پهیامەوە، رامانگهیاندووه پێویسته ههرچی زووه دهست به پرۆسهی ههناردهی نهوت له رێگهی بهندهری جەیهانهوه بكرێتهوه و لایهنی توركیش پێیان راگهیاندوون هۆكاری دواكهوتنهكه بۆ كاری تهكنیكی و پشكنینی بۆڕییهكه بووه.
دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتر شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و گەیشتن بە رێککەوتن، سەردانیان بەغدایان کرد.
هەروەها رۆژی (سێشەممە 4ی نیسانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژووکرا.
دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانیش لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی تورکیا کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی لایەنی تورکیان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.