تا ئێستا 595 هاووڵاتی لە سوودانەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق

گەڕاندوەی هاووڵاتیی عێراقی لە سوودانەوە | وێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق
گەڕاندوەی هاووڵاتیی عێراقی لە سوودانەوە | وێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق

K24 - هەولێر

دوای گەڕاندنەوەی 165 هاووڵاتیی دیکە بۆ بەغدا، ژمارەی کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییانەی لە سوودانەوە گەڕێندراونەتە عێراق گەییشتە 595 کەس.

ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی حوزەیرانی 2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ یەکشەممە، لە ڕێگەی گەشتێکی ئاسمانییەوە کە لە فڕۆکەخانەی پورتسوودانەوە بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا ئەنجامداربوو، 165 هاووڵاتیی دیکە گەڕێندراونەوە بەغدا، بەوپێیەش کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییانەی لە سوودانەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق، گەییشتە 595 کەس.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش دا،  کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییانە گەڕێندراونەتەوە بەغدا لەڕێگەی سێ گەشتیی ئاسمانییەوە بووە و بێجگە لە هاووڵاتییە عێراقییەکان، دەیان هاووڵاتیی سووری و سوودانیش لەناویاندابوون.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە 17ـی حوزەیرانی 2023، سعوودیە و ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، هەردوو لایەنی شەڕکەری سوودان (سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا) لەسەر ئاگربەستێکی 72 کاتژمێری رێککەوتوون و ئاگربەستەکە رۆژی 18 تا 21ـی حوزەیران دەخایەنێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە درابوو، ریاز و واشنتن "رێککەوتنی نوێنەرانی سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ راگرتنی شەڕ لە هەموو ناوچەکانی سوودان بۆ ماوەی 72 کاتژمێر رادەگەیەنن، کە لە 18ی حوزەیران دەستپێدەکات تاوەکو 21ی مانگ".

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە لە 15ی نیسانەوە دەستیپێکردووە، چەندین ئاگربەست راگەیەندراوە، زۆربەی ئاگربەستەکان لەلایەن سعوودیە و ئەمەریکا پاڵپشتی کراون، بەڵام بە تەواوی پابەندی ئاگربەستەکان نەبوون.

دوایین ئاگربەست لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بۆ ماوەی 24 کاتژمێر راگەیەندرا، کە هەردوولا تا رادەیەکی زۆر پابەندبوون پێیەوە، بەڵام خەڵکی خەرتووم بەیانیەکەی بەدەنگی تەقە بەئاگا هاتنەوە.

ئاماژە بەوە شکراوە، کە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە ماوەی ئاگربەستەکەدا، "خۆیان لە جموجۆڵ و هێرش و بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆردومان بەدوور بگرن".

لە ئاگربەستەکەدا، رێگە بە ئازادی هاتووچۆ و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی لە سەرتاسەری سوودان دەدەن.

دووشەممەی داهاتوو کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە ژنێف بۆ پشتیوانی لە وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ سوودان، بەهاوبەشی سعوودیە، قەتەر، میسر، ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا چەند ئاژانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.

Fly Erbil Advertisment