کێشەی ئاو گرژی زیاتر دەخاتە نێوان ئێران و ئەفغانستان
K24 - هەولێر
بەپێی راپۆرتی کەناڵی سی ئێن بی سی، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی کێشەی ئاو توندوتیژیی لەسەر سنووری ئێران و ئەفغانستان کەوتەوە.
لە 27ی مانگی رابردوودا پاسەوانانی سنووری ئێران و ئەفغانستان رووبەڕووی یەکتربوونەوە و بەهۆیەوە دوو پاسەوانی ئێرانی و سەربازێکی تاڵیبان کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
هەردوولا تۆمەتی شەڕەکە ئاراستەی یەکتر دەکەن، ئەمەش جارێکی دیکە کێشەی ئاوی نێوان هەردوو وڵاتی هێنایە ئاراوە.
تاران رایدەگەیەنێت، حکومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان بە ئەنقەست ئێران لە ئاو بێ بەشدەکات، بەڵام تاڵیبان دەڵێت، بەهۆی کەمی بارانبارین ئاوی پێویست نەماوە، ئەمەش لە ئاستی ئاوی رووبارەکەدا رەنگ دەداتەوە.
مانگی رابردوو ئێران هۆشداری دابوو کە مافی خۆیەتی رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر، لە کاتێکدا ناکۆکییەکەی لەگەڵ ئەفغانستان سەبارەت بە بەنداوی رووباری هێلمەند پەرەی سەندووە.
رووباری هێلمەند لە ناوەڕاستی ئەفغانستانەوە هەڵدەقوڵێ و بۆ مەودای زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە دەریاچەی هامون لە سنووری نێوان هەردوو وڵات.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، تاران جەخت لەوە دەکاتەوە، کابول رێز لە رێککەوتنی نێانیان سەبارەت بە ئاو ناگرێت.
ئێران و ئەفغانستان لە ساڵی 1973دا، رێککەوتنێکیان ئەنجامدا سەبارەت بە هاوبەشی ئاوی رووبارەکان کە بۆ دەیان ساڵ سەرچاوەی گرژی نێوانیان بوو، بەپێی ئەو رێککەوتنە، ئێران ساڵانە رێگەی پێدراوە 850 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بەکاربهێنێت.
گوتەبێژی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاهید، پێشتر لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، کابول "پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، بەڵام ئاستی ئاوەکە بەهۆی وشکەساڵی دابەزیوە".
گوتیشی: "ئەو قسە نەشیاوانەی لایەنی ئێرانی دەیکەن، دەتوانێ زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بگەیەنێت و هەر بۆیە نابێ دووبارە بکرێنەوە".
تۆربۆرن سۆڵتڤێت، شرۆڤەکاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە کۆمپانیای راوێژکاری ستراتیژی ڤێریسک ماپلکرۆفت لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سی ئێن بی سی، گوتی: کێشەی ئاو لەگەڵ ئەفغانستان شتێک نییە کە ئێران بە سوکی وەریبگرێت.
دەشڵێت: سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران لەژێر فشاری تونددایە و فشاری ئاویش هۆکاری نائارامی بەربڵاو بووە لەم ساڵانەی دواییدا.