دەستەی وەبەرهێنان: لە هەولێر هیچ پارچە زەوییەک بە کچی بەرپرسێکی پێشووی عێراق نەدراوە

دیمەنێکی شاری هەولێر
دیمەنێکی شاری هەولێر

K24 – هەولێر:

لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی، دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە لە شاری هەولێر، پارچە زەوییەک بە کچی بەرپرسێکی پێشووی عێراق بۆ کاری وەبەرهێنان درابێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (19ـی حوزەیرانی 2023)، دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاندووە، "لە هەندێک پەیجی سۆشیال میدیا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە گوایە لە هەولێر زەوی بە کچی بەرپرسێکی پێشووی عێراقی دراوە بۆ کاری وەبەرهێنان، هەواڵەکە سەر لەبەری دوورە لە راستی".

لەبارەی کاری ئەو کچەی بەرپرسێکی پێشووی عێراقی کە وێنەی لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە لە کاتی کارکردندا، لە روونکردنەوەکەی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو بەڕێزە لە پرۆژەیەکی وەبەرهێناندا کاردەکات وەک بەڵێندەر لەگەڵ چەند ئافرەتێکی دیکە، بۆیە بۆ هەموو لایەک جارێکی دیکە روونی دەکەینەوە کە زانیارییەکان لەبارەی ئەو بەڕێزەوە سەبارەت بە پێدانی زەوی سەرلەبەری ناڕاستە".

ماوەی دوو رۆژە لە چەند پەیجێکی سۆشیال میدیا و لە رێگەی چەند کەسێکی دیارەوە باس لە پێدانی پارچە زەوییەک بە رووبەری 50 هەزار مەتر دووجا بە کچی بەرپرسێکی عێراقی دەکەن لە شاری هەولێر کە بەهاکەی دەگاتە 30 ملیۆن دۆلار، بەڵام دواتریش ئەو بەرپرسە عێراقییە لە تویتێکدا سەرجەم ئەو قسە و باسانەی رەتکردەوە.