حکومەتی عێراق پشووی جەژنی قوربانی دیاریکرد
K24 – هەولێر:
حکومەتی عێراق بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، بۆ ماوەی یەک هەفتە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکانی عێراق راگەیاند.
لە راگەیەندراوێکدا، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکردووە، محەممەد شیاع سوودانی بڕیاریداوە لە رۆژی سێشەممە (27ـی حوزەیرانی 2023) تاوەکو رۆژی یەکشەممە (2ـی تەمموزی 2023) پشووی جەژنی قوربانی پیرۆز بێت لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق.
رۆژی (18ـی حوزەیرانی 2023)، سعوودیە بە فەرمی رۆژی چوارشەممە (28ـی حوزەیرانی 2023)ـی بە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز دیاریکرد کە هەرێمی کوردستان و دیوانی وەقفی سوننیش دەگرێتەوە و دواتریش نووسینگەی سیستانی، مەرجعی باڵای شیعەکان لە عێراق رۆژی پێنجشەممە (29ـی حوزەیرانی 2023)ـی بە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاریکرد.
ئەو پشووەی حکومەتی عێراق، تایبەتە بە دامودەزگاکانی سەر بە حکومەتی عێراق و ئەوەی تایبەتیش بێت بە هەرێمی کوردستان، لە داهاتوویەکی نزیکدا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رۆژانی پشووی فەرمی بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دیاردەکرێت.