بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی لە نێوان بیابانی رۆژئاوا و دوورگەکانی کانارای ئیسپانیا ژێرئاو كهوت
K24 – هەولێر:
بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی لە نێوان بیابانی رۆژئاوا و دوورگەکانی کانارای ئیسپانی ژێرئاو كهوت، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، 24 کەس رزگارکراون، لانیکەم دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 37 کەسیش بێسهروشوێنن.
لە ئەنجامی ژێرئاوكهوتنی بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەکانی کاناریای ئیسپانیا، لانیکەم دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 37 کەسیش بێسهروشوێنن.
میدیاکانی ئیسپانیا لە هەواڵێکدا کە سەرچاوەکەیان بۆ دامەزراوەی ئاسایشی کەناراوەکانی دوورگەکانی کاناریا و سەرچاوەکانی مەغریب گەڕاندووەتەوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، بەلەمێک کە کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتووە لەنێوان دوورگەی کاناریای گەورە و کەناراوەکانی بیابانی رۆژئاوا لە باکووری ئەفریقا ژێرئاو كهوتووه.
ئەوەش راگەیەندرا، لە ئەنجامی ژێرئاو كهوتنی بەلەمەکە کە لە کاتی رۆیشتندا بووە و کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتووە و نزیکەی 40 میل لە بیابانی رۆژئاوا و 80 میل لە دوورگەی گەورەی کاناریاوە دووربووە، 24 کەس رزگارکراون و لانیکەم دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 37 كۆچبهریش بێسهروشوێنن.
ئاماژه بهوهش دراوە، هێلیکۆپتەرێکی جۆری "Helimer 201 " سەربە دامەزراوەی ئاسایشی کەناراوەکانی دوورگەکانی کاناریا گەیشتووەتە ناوچەکە و تەرمی منداڵێکی کوڕیان دۆزیوهتهوه و تەرمەکەی دیکەش لەلایەن بەلەمی ئاسایشی کەناراوەکانی مەغریبەوە دهرهێنراوه.
تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی مەغریب، زانیاریی ئەوەیان بڵاوکردەوە، 24 کۆچبەری نایاسایی سەر بەلەمە نقومبووەکەیان رزگارکردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەمیانی کارەکانی گەڕان و رزگارکردن کە بەهاوبەشی لە نێوان مەغریب و ئیسپانیادا بەڕێوەدەچێت فڕۆکەیەک، هێلیکۆپتەرێک، بەلەمێكی ئاسایشی کەناراوەکان و کەشتییەکی بارهەڵگر کە بەناوچەکەدا تێدەپەڕی، تێیدا بەشدارن.
لای خۆیەوە بەرپرسانی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆمیناندۆ فرۆنتێراس، ئەوەیان راگەیاند، دوێنێ ئێوارە لایەنە ئەمنییەکانی ئیسپانیا و مەغریبیان لە ژێرئاوكهوتنی بەلەمەکە ئاگادار کردووەتەوە.
رێکخراوە ئیسپانییەکە ئەوەشیخستەڕوو، بێسهروشوێنهكانیش بە مردوو دادەنرێن و کۆی گشتی 39 کۆچبەری نایاسایی کە چواریان ژن و یەکێکیان منداڵ بوون لەم تراژیدیایەدا گیانیان لە دەستداوە.
پێشتریش رۆژی 14ی حوزەیران لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە دووری 47 میلی دەریایی لە ناڤارینی نیمچە دوورگەی مۆرای یۆنان بەلەمێکی ماسیگر کە کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو، وەرگەڕا.
104کۆچبەری نایاسایی سەر بەلەمەکە رزگارکرابوون و بۆ بەندەری کالاماتا گواسترابوونەوە و دواتر لە ئەنجامی کارەکانی گەڕان و رزگارکردن تەرمی 81 کەسی دیکە دۆزرایەوە.
بەپێی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ئالارم فۆن، بەلەمەکە نزیکەی 700 کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو.
سهرچاوه: ئهنادۆڵ