سەرکەوت کاڕەش: ئەمساڵ ژمارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری هەولێر کەمی کردووە
K24 - هەولێر:
گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵانی Rابردوو، ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری هەولێر کەمی کردووە.
موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر کە ئەمڕۆ میوانی بەرنامەی بەیانی24ی کوردستان24 بوو، باسی لەوەکرد، ئەمساڵ تا ئێستا نزیکەی 700 Rووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر روویداوە، ئەم ژمارەیەش بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بە گوتەی سەرکەوت کاڕەش، ساڵانی رابردوو لە شەش مانگی یەکەمی ساڵەکەدا، نزیکەی هەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕووی دەدا، بۆ نموونەش ئەگەر پێشتر بە کۆی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە 20 کەس گیانیان لەدەستدا با، ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ 10 کەس کەمبووەتەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر ڕوونی کردەوە، کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری هەولێر، نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری هاووڵاتییانە و ئاماژەیەکە بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی لەلایەن هاووڵاتییانەوە.
سەبارەت بە دیارترین هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە، سەرکەوت کاڕەش ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە هۆکارە دیارەکانی ئاگرکەوتنەوە، کارەبایە کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە ڕووداوەکاندا لە هەر چوار وەرزی ساڵ، بەڵام ئەمساڵ ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی کارەباوە، کەمتر بوونەتەوە و زیاتر سووتەمەنییەکانی وەک نەوت، بەنزین و گاز بوونەتە هۆکاری سەرەکی لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ڕاشیگەیاند، ساڵانە %30 کۆی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، سووتانی ماڵە، کە ئەمە ڕێژەیەکی زۆرە و پێویستە هاووڵاتییان زیاتر ئاگاداری ئامێرە کارەباییەکان بن و بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ سووتەمەنییەکانی ماڵ بکەن، بۆئەوەی دووربن لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە.
موقەدەم سەرکەوت کاڕەش ئەوەشی خستەڕوو، لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر، هۆبەی مەشق و ڕاهێنان هەیە، کە بە بەردەوامی خول بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکاتەوە کە هاووڵاتی تێیدا نیشتەجێیە یان کاری لێ دەکات، گوتیشی: ساڵانە لە وەرزی خوێندن، تیمەکانمان دەچنە ناوەندەکانی خوێندن و فێرکاری سەرەتایی دەدەنە قوتابییان، بۆ ئەوەی لە ئاگرێکی سەرەتاییدا بتوانێت بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ رووداوەکە بکات.
لەبارەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دەغڵ و پاوانەکان کە ساڵانە ڕوو دەدەن و زیانێکی زۆر بە زەوییە کشتوکاڵییەکان دەگەیەنن، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ڕایگەیاند: هەموو ساڵێک پلانی وەرزی دروێنەمان هەیە، 12 تیممان هەیە کە لە 1ی ئایارەوە دابەشمان کردوون بەسەر ئەو شوێنەنادا کە بنکەی ئاگرکوژێنەوەی لێ نییە، هەتا تەواوبوونی وەرزی دروێنەش لەو شوێنانە دەمێننەوە.
سەرکەوت کاڕەش ئاماژەی بەوەشدا، کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هیچ ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە دەغڵ و پاوانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ڕووینەداوە، گوتیشی: ئەمساڵ هاووڵاتییان خۆیان لە کاتی دروێنەدا پەیوەندییان پێوە کردوون، بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بنێرین، کە ئەمەش دەرخەری بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری هاووڵاتییانە بەرانبەر ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە.