رێکخراوی دەهۆڵ بەناوی کوردستانەوە لە بەریتانیا بەشداری فیستیڤاڵی پەنابەران دەکات
K24 - هەولێر:
لە فیستیڤاڵی هەفتەی پەنابەران لە بەریتانیا، بەفەرمی گرووپێکی کوردی بانگهێشت کروان و بەشدار دەبن.
لەوبارەیەوە زیرەک ژێدار، سەرۆکی رێکخراوی دەهۆڵ لە بەریتانیا، رایگەیاند، بەفەرمی لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی بێرمینگهام بانگهێشتکراوین و وەک گرووپی کوردی بەشدار دەبین لە فێستیڤاڵی هەفتەی پەنابەران لە بەریتانیا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە فیستیڤاڵەکە لە 16ی ئەم مانگەوە دەستی پێکردووەو تاکو 24ی مانگ بەردەوام دەبێت و چالاکییەکان لە چوارچێوەی فیستیڤاڵی هەفتەی پەنابەران لەسەرتانسەری ووڵاتی بەریتانیا ئەنجامدەدرێن و نمایشی کەلتورە جیاوازەکان دەکرێت بەشێوازی جۆراوجۆرەوە.
بۆ ئەماساڵیش کوردستان وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ بەشدارە و لەرێگەی میوزیک، گۆرانی، جلوبەرگ، شایی و هەڵپەڕکێوە نمایشی فراوانی کولتوور و مێژوویەکی کۆنی پێکەوەژیانی کوردستان دەکات.
لەم نمایشە کولتوورییانەدا زیاتر لە 20 نەتەوەی جیاواز بەشداردەبن و کوردیش وەک یەکێک لەو نەتەوانە بە زمان و ئاڵا و جلوبەرگی خۆیەوە بەشدارە، بەبێ لکاندنی بە هیچ وڵات و نەتەوەیەکی دیکە.
زیرەک ژێدار، باسی لەوەشکرد کە رۆژی 24ی حوزەیران لە ناوەڕاستی شاری بێرمینگهام گەورەترین کەرنەڤاڵی نەتەوە جیاوازەکان بەڕێوەدەچێت و رێکخراوی هونەری دەهۆڵ وەک گرووپێکی سەرەکی بەشدارە.