وەزارەتی دارایی: پێش جەژن مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری
وەزارەتی دارایی و ئابووری

K24 -هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی راگەیاند و جەخت لەسەر دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران پێش جەژنی قوربان دەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ـی حوزەیرانی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی شەممە (24ـی حوزەیرانی 2023) دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت و تا پێش جەژن مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش دەکرێت.

هەر ئەمڕۆ هونەر جەمال، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كوردستان24 رایگەیاند، بڕیاره‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (25ـی حوزەیرانی 2023)، حكومه‌تی عێراق 400 ملیار دینار بخاته‌سه‌ر هه‌ژماری بانكی وه‌زاره‌تی دارایی.

هونه‌ر جه‌مال گووتیشی: له‌ رۆژی شه‌ممه‌وه‌ ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كرێت، و هه‌وڵده‌ده‌ین پێش جه‌ژنی قوربان هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان مووچه‌ وه‌ربگرن. 

رۆژی یەکشەممە (18ی حوزەیرانی 2023)، دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد و بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی تا رۆژی پێنجشەممە (22ـی حوزەیرانی 2023) ئەم وەزارەت و دامودەزگایانە مووچەیان وەرگرت کە بریتین لە، وەزارەتەکانی تەندروستی، دارایی، ناوخۆ، بەڕێوبەرایەتی دامودەزگا نەوتییەکان، بەڕێوبەرایەتی گشتی رەگەزنامە، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.

هەروەها رۆژی (19ـی حوزەیرانی 2023)، جووتیار عادل، بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدان، بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا گرفتەکان چارەسەر بکەن، تا بتوانرێت پێش جەژن مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەشبکرێت".

رۆژی (15ـی حوزەیرانی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕی 400 ملیار دینار لە رێگای بانکی رەشید و رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

Fly Erbil Advertisment