رووسیا بۆ گرووپی ڤاگنەر: هێزەکانتان بوەستێنن

K24 – هەولێر

فەرماندەی هێزی ئاسمانی رووسیا رایگەیاند "دوژمن چاوەڕوانی ناکۆکی ناوخۆی رووسیایە تا بەکاری بهێنێت، هەر بۆیە پێویستە فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر بوەستێت و هێزەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ شوێنەکانیان".

سێگری سورۆڤکین فەرماندەی هێزی ئاسمانی رووسیا، گوتی: "داوا لە سەرکردەی ڤاگنەر ێڤگینی پریگۆجین دەکەم بوەستێت، دوژمن چاوەڕوانی ناکۆکیی سیاسی ناوخۆییە بۆ ئەوەی دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەمان خراپتربکات".

گوتیشی: "ئەمە قبوڵ نەکراوە لەم دۆخە قورسەی وڵاتەکەماندا لە بەرژەوەندی دوژمن جوڵە بکەین، پێش ئەوەی درەنگ بێت پێویستە لەسەرمان پابەندی بڕیارەکانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی رووسیا بین".

فەرماندەی هێزی ئاسمانی رووسیا راشیگەیاند: "هێزەکانتان بوەستێنن، بگەڕێنەوە شوێنە هەمیشەییەکانیان".