زیرەک زێباری: ئیرادەیەکی جیددی بۆ چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا هەیە
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، جەختی لە بوونی ئیرادەیەکی جیددی بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە و رایگەیاند، شاندی حکوومەتی فیدراڵ بەڵێنی داوە داواکاریی هەرێم سەبارەت بە دەرهێنانی مووچە لە خەرجیی فیعلی تاوتوێ بکات.
یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: ئێمە بە حکوومەتی فیدراڵمان راگەیاندووە کە رازین پشکی هەرێم لە بری 14.14% ببێتە 12.67% بەڵام مەرجمان ئەوە بووە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی فیعلی جیا بکرێتەوە.
هەروەها گوتی: شاندی حکوومەتی فیدراڵ پێیان راگەیاندین تاوتوێی داواکارییەکەتان دەکەین و وەڵامتان دەدەینەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوە کرد، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ و بە بەشداریی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسی لەوەش کرد، پێکهێنانی لیژنەکە دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ بەغدا.
زێباری ئەوەشی روون کردەوە، ئەرکی لیژنەکە بریتی دەبێت لە تاوتوێکردن و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا.
لە ماوەکانی رابردوودا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووریی عێراق، پێداگری لەسەر ئەوە کردبوو کە دەبێت پشکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە تەواوی لە خەرجیی راستەقینە جیا بکرێتەوە و وەک ساڵانی پێشوو تێکەڵی خەرجییەکان نەکرێت، بۆ ئەوەی هیچ بەربەستێک لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران دروست نەبێت، کە بۆ ساڵی 2027 بڕی 11 ترلیۆن و 200 ملیار دینار بۆ کۆی گشتیی مووچەی هەرێم دیاریکراوە.