ڤاگنەر لە رووسیا هەڵگەڕایەوە
یێڤگنی پریگۆژین: داوای راپەڕین دەکات دژی سەرکردایەتی سوپای رووسیا
K24 - هەولێر
رۆژی هەینی، سەرۆکی گرووپی "ڤاگنەر" داوای راپەڕینی کرد دژی سەرکردایەتی سوپای رووسیا، دوای ئەوەی تۆمەتباری کردن بە بۆردومانکردن و کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ڤاگنەر کە لە ئۆکرانیا کرانە ئامانج، هەروەها مۆسکۆ ئەو قسانەی رەتکردەوە و داوای لە چەکدارانی یڤگنی پریگۆژین کرد بە تۆمەتی "داوای یاخیبوونی چەکداری" دەستگیری بکەن.
یێڤگینی پریگۆژین بە توڕەییەوە لە پەیامێکی دەنگیدا کە نووسینگەکەی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "هێرشیان کردووە، هێرشی مووشەکی، بۆ سەر کەمپەکانی دواوەمان، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانمان کوژران".
پریگۆژین بەڵێنیدا کە وەڵامی ئەم بۆردومانە بداتەوە کە وەزیری بەرگری رووسیا سێرگی شۆیگو ئەو کەسەیە کە فەرمانی جێبەجێکردنەکەی دەرکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرکردایەتی گرووپی ڤاگنەر بڕیاریدا ئەوانەی بەرپرسیارێتی سەربازی لە وڵاتەکەدا هەڵدەگرن پێویستە بوەستێنرێت.
هەروەها داوای لە سوپای رووسیا کردووە کە بەرەنگاری هێزەکانیان نەبنەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ژمارەی چەکدارەکانی 25 هەزار کەسە، داواشی لە رووسەکان و بەتایبەتی سوپا کرد بچنە ریزەکانی ئەوانەوە.
سەرۆکی ڤاگنەر رەتیکردەوە کودەتای سەربازیی ئەنجام دابێت، جەختیشی لەوە کردەوە، دەیەوێت سەرکردایەتی رێپێوانێک بۆ دادپەروەری بکات، ئەوەی ئێمە دەیکەین رێگری لە هێزە چەکدارەکان ناکات.
وەزارەتی بەرگری رووسیا تۆمەتەکانی پریگۆژینی رەتکردەوە، هاوکات لیژنەی نیشتمانی دژەتیرۆر کردنەوەی لێکۆڵینەوەی لە دژی فەرماندەی ڤاگنەر بە تۆمەتی "داواکردنی یاخیبوونی چەکداری" راگەیاند.
وەزارەتی بەرگری رووسیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، "ئەو پەیام و ڤیدیۆیانەی کە پریگۆژین لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە سەبارەت بە هێرشە گوماناویەکان وەزارەتی بەرگری رووسیا لەسەر بنکەکانی دواوەی گرووپی ڤاگنەر، لەگەڵ راستیدا ناگونجێت و ئیستفزازی تێدایە".
لە بەیاننامەیەکی دواتردا، ئاژانسەکە سەرۆکی ڤاگنەری تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵدەدات "شەڕی ناوخۆ" لەو وڵاتەدا هەڵبگیرسێنێت و داوای لە چەکدارانی ئەو گروپە کردووە پریگۆژین دەستگیربکەن.
دەزگای هەواڵگری رووسیا رایگەیاندووە، "بەیاننامە و کارەکانی پریگۆژین، لە راستیدا بانگەوازێکە بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی مەدەنی چەکداری لەسەر خاکی رووسیا و چەقۆکێشانە لە پشتی سەربازانی رووسیا کە شەڕی هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن، داوای لە چەکدارانی ڤاگنەر کرد کە "رێوشوێنی دەستگیرکردنی بگرنەبەر".
جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی، سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی رووسیا و شەڕی گرووپی ڤاگنەر دژی رووسیا، دەڵێت: بەوردی چاودێری جوڵەکانی ڤاگنەر دەکەین و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان تاوتوێی دۆخەکە دەکەین"
جۆن کێربی باسی لەوەشکرد، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا لەسەرجەم پێشهاتەکانی دۆخی رووسیا ئاگادارکراوەتەوە.
گوتەبێژی کرێملین، دیمیتری پێسکۆڤ، رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا ئاگاداری هەموو ئەو رووداوانەیە کە پەیوەندییان بە پریگۆژینەوە هەیە، رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر.
وەزارەتی بەرگری رووسیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند کە کیێڤ سوود لە کارەکانی پریگۆژین وەردەگرێت کە ئامانج لێی ناسەقامگیرکردنی دۆخەکەیە بە مەبەستی کۆکردنەوەی یەکەکانی لیوای 35 و 36ی دەریایی بۆ دەستپێکردنی چالاکیی هێرشبەرانە لە ناوچەی باخموت.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی تاس، لە زاری بەرپرسێکی ئەمنی رووسیاوە کە ناوی نەهێنراوە، توندکردنەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکانی مۆسکۆی پشتڕاستکردەوە، ئەمەش دوای لێدوانەکانی فەرماندەی ڤاگنەر.
رۆژی هەینی، پریگۆجین رایگەیاندبوو، کە هێزەکانی رووسیا لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا پاشەکشە دەکەن، ئەمەش دوای ئەو هێرشە بەرپەرچدانەوەیەی هێزەکانی کیێڤ دەستیان پێکردووە.
ئەم لێدوانانە پێچەوانەی قسەکانی "پوتن"ە کە گوتبووی ئۆکرانیا لە هێرشی پێچەوانەدا تووشی زیانێکی کارەساتبار بووە.
پریگۆجین گوتیشی: ئێمە خۆمان بەخوێن دەشۆین، بەڵام کەس هێز نانێرێت، ئەوە پێمان دەڵێت فێڵە، ئاماژەی بە سەرکردایەتی سەربازی و سیاسی رووسیا کرد.
پریگۆجین، بازرگانێکی تەمەن 62 ساڵە و بووەتە کەسایەتییەکی دیار لە ئۆپەراسیۆنەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا، لە کرێملین نزیکە بەڵام لە هەمان کاتدا رەخنەی زۆر لە سیاسەتەکانی مۆسکۆ دەگرێت.
وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە، "چاودێری دۆخەکە دەکەین"، هاوکات کیریلۆ لودانۆڤ، بەرپرسی هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا رایگەیاند، ڤاگنەر و سوپای رووسیا دەستیان کردووە بە راوکردنی یەکتر بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و پارە.
تریسی جێرمان، مامۆستای ئاسایش لە کۆلێژی کینگز لە لەندەن دەڵێت: ڤاگنەر بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2014 لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەرکەوت و یارمەتی جوداخوازانی سەر بە رووسیای دا بۆ کۆنترۆڵکردنی خاکی ئۆکرانیا و دروستکردنی دوو هەرێمی جیاواز لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسک.
لە ساڵی 2014ەوە ڤاگنەر لە زۆرێک لە ململانێکان لە سەرانسەری جیهاندا بەشدار بووە، بەتایبەتی لە سووریا و لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا.
لێکۆڵینەوەیەکی بی بی سی لە گروپی ڤاگنەر ئاماژەی بەوەکردووە، دیمیتری ئوتکین ئەفسەری پێشووی سوپای رووسیای تەمەن 51 ساڵ، پێدەچێت ئەو کۆمپانیای "ڤاگنەر"ی دامەزراندبێت.
دەگوترێت ئەو گرووپە بەشداری لە چالاکییە سەربازییەکان دەکات لە ژمارەیەک وڵات کە شایەتحاڵی ململانێ ناوخۆییەکانن، لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانیان، بۆ نموونە باس لەوە کرا کە ئەندامانی ئەو گرووپە پاسەوانی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریادایە، لە بەرامبەردا رێژەیەک لە داهاتی ئەو کێڵگەیە دەبات.