حاتەم حەسوون: دەستێکی شاراوە هەیە دەیەوێت جەنگ لە ئۆکرانیاوە بۆ ناوخۆی رووسیا بگوازێتەوە

حاتەم حەسوون، سەرۆکی ئەکادیمیای ئەمەریکی بۆ خوێندنی باڵا
حاتەم حەسوون، سەرۆکی ئەکادیمیای ئەمەریکی بۆ خوێندنی باڵا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەکادیمیای ئەمەریکی بۆ خوێندنی باڵا، رایدەگەیەنێت، هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر لە سوپای رووسیا گۆڕانکارییەکی گەورە لەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیادا دروستدەکات. هاوکات دەشڵێت: دەستێکی شاراوە هەیە دەیەوێت جەنگ لە ئۆکرانیاوە بۆ ناوخۆی رووسیا بگوازێتەوە.

حاتەم حەسوون، سەرۆکی ئەکادیمیای ئەمەریکی بۆ خوێندنی باڵا، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ــی کوردستان24، رایگەیاند، کاتێک ڤاگنەر شاری باخموتی ئۆکرانیای کۆنتڕۆڵکرد، هەندێک کێشە لە نێوان گرووپی ڤاگنەر و وەزارەتی بەرگری رووسیا روویدا، کە خۆیان دەڵێن، وەزارەتی بەرگری رووسیا چەکی پێویستی بە گرووپی ڤاگنەر نەداوە.

هەروەها راشیگەیاند، گەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر بۆ رۆستۆڤ هەوڵێکی کودەتای سەربازییە، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر پێشتر بەرپرسی ئامادەکردنی خواردنی پوتن بوو، بەڵام لە ئێستادا هەزارەها سەربازی هەیە لە وڵاتان.

سەرۆکی ئەکادیمیای ئەمەریکی بۆ خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەوەدا، ئەم هەڵگەڕانەوەیە کاریگەری لەسەر هێزە ئەمنییەکان و سوپای رووسیادا دەبێت، سوپای رووسیاش ئەگەری هەیە رۆژێک لە رۆژان یاخیبن و هەڵگەڕێنەوە.

باسی لەوەشکرد، هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر گۆڕانکاریەکی گەورە لە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیادا دروستدەکات، هەروەها کاریگەری لەسەر توانای سەربازانی رووسیاش دەبێت کە دژی ئۆکرانیا دەجەنگن.

حاتەم حەسوون، جەختی لەوەکردەوە، دەستێکی شاراوە هەیە لە گروپی هەواڵگری ئەمەریکا کە رۆڵێکی کاریگەری هەیە لەسەر ئەم پرسە، کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستوەردان بکەن لەم پرسە، هەروەها دەستێکی شاراوە هەیە دەیەوێت جەنگ لە ئۆکرانیاوە بۆ ناوخۆی رووسیا بگوازێتەوە.

سەرۆکی ئەکادیمیای ئەمەریکی بۆ خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستەڕوو، گرووپی ڤاگنەر لە دژی سوپای رووسیا هەڵنەگەڕاونەتەوە بەڵکو لە دژی سەرۆکی رووسیا هەڵگەڕاونەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، جەنگی دژی سووپای رووسیا راگەیاند و وەزارەتی بەرگری رووسیا تۆمەتبار دەکات بەوەی زانیاری هەڵە لەسەر جەنگی دژ بە ئۆکرانیا بڵاودەکەنەوە و هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی ڤاگنەر.

پوتن، سەرۆکی رووسیا لە میانەی وتارەکەی ئەمڕۆدا ئاماژەی بەوەدا کە "وەڵامێکی توند" بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە "یاخیبوونی چەکدارییان رێکخستووە و لە شەڕدا چەکیان لە دژی هەڤاڵانیان هەڵگرتووە و خیانەتیان لە رووسیا کردووە".