سه‌رۆك بارزانى: سیاسەتی ئینكاركردنی نەتەوەكان سیاسەتێكی پووچەڵ و بێبەهایە

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازيكرد له‌ ژماره‌يه‌ك كونسوڵ و نێرده‌ى ديپلۆماسى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌ هه‌رێمى كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازيكرد له‌ ژماره‌يه‌ك كونسوڵ و نێرده‌ى ديپلۆماسى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌ هه‌رێمى كوردستان و رايگه‌ياند، سیاسەتی ئینكاركردنی نەتەوەكان سیاسەتێكی پووچەڵ و بێبەهایە.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم بڵاويكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سه‌رۆك بارزانى پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر كرد كە پێكهاتبوو، له‌ كونسوڵ و نوێنه‌رانى وڵاتانى فه‌له‌ستين، ميرنشينه‌ يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌بى، سودان، شانشینی سعودیە، شانشینی ئه‌رده‌ن، میسر و كوەیت. 

به‌ گوێره‌ى هه‌واڵه‌كه‌ى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم، له‌و ميانه‌يه‌دا، نوێنه‌رى وڵاتانى عه‌ره‌بى پشتیوانیی و هاوسۆزیی وڵاتەكانیان بۆ گەلی كوردستان دووپاتكردووه‌ته‌وه‌ و و وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەكانی تیرۆر پێزانینیان بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبووه‌ و دەستخۆشیشیان لە خۆڕاگریی گەلی كوردستان كردووه‌.

شانده‌كه‌ ئه‌وه‌شيان راگه‌ياندووه‌، كه‌ ئاگاداری ئەوەن گەلی كوردستان هەڵگری پەیامی ئاشتییە و داهێنەری ژیان و سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا. هەروەها ستاییشی دڵفراوانی و میوانداریی گەلی كوردستانیان كرد كە بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و بیروڕای جیاواز.

له‌ به‌رامبه‌ردا، سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوانی كرد و بوونی نوێنەرایەتیی وڵاتانی عەرەبی لە شاری هەولێر بە مانای پەیامی دۆستایەتی و هاوسۆزیی نێوان گەلی كوردستان و وڵاتانی عەرەبی لەقەڵەمداوه‌.

دواتر سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا باسی لە هەڕەشەكانی تیرۆر و هزری توندڕۆیی كرد كە بووەتە بەڵایەك بۆ جیهان و جەختی لەوە كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەركی هەموو دەوڵەتانی جیهانە بە تایبەتی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لەم ڕووەوە ئەركێكی هەستیاریان لەسەر شانە و هاوكات لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی پێویستە شەڕی فكریی تیرۆریستانیش بكرێت.

لەدرێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە سیاسەتی ئینكاركردنی گەل و نەتەوەكان سیاسەتێكی پووچەڵ و بێبەهایە و كۆتایی هاتووە و گەلانی ناوچەكە دەبێ بە ئاشتی و ڕێزگرتن لەتەك یەكتردا بژیین.