وەزارەتی تەندروستی ئاماری تووشبووانی تای خوێنەربوون ئاشکرا دەکات

وەزیری تەندروستی: 12 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تای خوێن بەربوونمان هەیە

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان، لە کۆی 25 حاڵەتی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون، 12 حاڵەتی پشتڕاستکراوەمان هەیە، هەروەها پێنج تووشبووش مردون.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: مەبەستمان لەم سەردانانە ئەوەیە لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی نەخۆشەکان بین، لە رۆژانی پشووی جەژن کە دەبێت خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بێت، لەهەمان کاتیشدا مەبەستێکی تایبەتیمان هەبوو لەو نەخۆشخانەیە، کە لە نزیکەوە ئاگاداری نەخۆشی تای خوێبەربوون بین و بزانین حاڵەتەکان چۆنن، هەروەها رەوشی چارەسەری چۆن بەڕێوەدەچێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو نەخۆشیە لە ئێستادا تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە ئێمە لەناو جەژنی قوربانداین و خەڵک قوربانی دەکات، هەروەها کۆمەڵێک رێنماییمان دەرکردووە، کە سەربڕینی ئاژەڵ بەشێوەیەکی تەندروست لەشوێنە فەرمیەکان، لە ژێرچاودێری تەندروستی و ڤێتێرنەری ئەنجام بدرێت، نەک هەر کەس لە ماڵی خۆیان ئەنجام بدەن، چونکە ئەم نەخۆشیە ترسناکی هەیە و رۆژ بەرۆژ حاڵەت هەیە".

گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان، لە کۆی 25 حاڵەتی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون، 12 حاڵەتی پشتڕاستکراوەمان هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەم نەخۆشخانەیە دوو حاڵەتمان هەیە یەکێکیان پشتڕاست کراوەتەوە و یەکێکیشیان گومان لێکراوە هێشتا پشکنینی دەرنەچووە. بەداخەوە پێنج حاڵەتی مردنیشمان هەبووە".

وەزیری تەندروستی، دەشڵێت: "ئەم نەخۆشیە رێژەی پەککەوتن و مردنی زۆرە، ئێمە ترسمان هەیە تەشەنە بکات و زیاتر بێت، چونکە لە پارێزگاکانی عێراق ژمارەکە یەکجار زۆرە، زیاتر لە 700 حاڵەتی گومان لێکرا و هەیە و هەروەها زیاتر 261 حاڵەتی پشتڕاستکراوەوە هەیە، 61 کەسیش بەهۆی تای خوێنبەربوون مردون".