بایدن هەڵەیەکی دیکە دەکات و دەڵێت: پوتن جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەمەریکا بەردەوامە لە هەڵەکردن لەکاتی لێدوان و قسەکانیدا و ئەمجارە لەبری جەنگی ئۆکرانیا، لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکدا دەڵێت، ڤلادیمێر پوتن جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمثریکا جارێکی دیکە لەکاتی قسەکردندا هەڵە دەکات و لەبری ئەوەی بڵێت سەرۆکی رووسیا جەنگی ئۆکرانیا دەدۆڕێنێت، دەڵێت جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت.

بایدن لەبارەی پوتنەوە گوتی، "سەختە بزاندرێت تا چەند لاوازبووە، بەڵام ئاشکرایە جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت، لە خاکی خۆشی جەنگ دەدۆڕێنێت".

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی، "رووسیا لەلایەن جیهانیشەوە گۆشەگیر کراوە، تەنیا لەلایەن ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاوە گۆشەگیر نەکراوە، بەڵکو لەلایەن 40 وڵاتەوە، بۆ نموونە وەک ژاپۆن گۆشەگیر کراوە".

دووبارەبوونەوەی چەندین جارەی هەڵەکردنی بایدن لەکاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەنووسان یان پێشکەشکردنی گوتاردا، بووەتە هۆی ئەوەی گومان لە توانای بایدن بکرێت بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە و ئەویش تا ئێستا سوورە لە سەر ئەو بڕیارەی.

جۆ بایدن دوای هەڵبژاردنەکان لە ساڵی 2024دا تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ، لە ئێستاوە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بەڵام بایدن باس لە دەستکەوتی یاسادانان و سەرکەوتنی زۆری لە بوارەکانی ئابووری و سیاسییدا دەکات کە پێی وایە دەبێتە جێی سەرنجی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ راکێشانی دەنگدەران، بە تایبەتی کە ترەمپیش تەمەنی 76 ساڵە و گەنج نییە.

بڕیارەی مانگی 11 ی ساڵی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و تائێستا هەریەکە لە جۆو بایدن و دۆناڵد تڕەمپ و ژمارەیەک کەسایەتی دیکەی ئەمریکا خۆیان بۆ پۆستەکە کاندیدکردووە.