چەند پارچەیەکی ژێردەریایی تایتن لەنێو زەریا دەرهێنرا
K24 - هەولێر:
یەکەم بەشی پارچەی ژێردەریایی تایتن کە بەمەبەستی وێنەگرتنی کەشتی تایتانیک چووە زەریای ئەتڵەنتیک و بووە گۆڕی پێنج سەرنشینەکەی ناوی، دەرهێنرا.
ژێردەریاییەکە کە بەشێوەیەکی کارەساتبار لەژێر زەریادا تەقییەوە و پارچە پارچە بوو، هەندێک لە پارچەکانی لەلایەن کەشتی هۆریزۆن ئاررکریک لە شاری سانت جۆنسی کەنەدا، دەرهێنرایەوە و وێنەگیرا.
ژێردەریایی تایتن کە کۆمپانیای ئۆشن گەیت خاوەندارێتی دەکرد لە 18ی حوزەیراندا چووە زەریای ئەتڵەنتیک بەمەبەستی بینینی پاشماوەکانی کەشتی تایتانیک، دوای ماوەیەکی کەم لە چوونە ژێر ئاوی زەریاکە، پەیوەندی لەگەڵیدا پچڕا و دیار نەما.

دوای پێنج رۆژ لە بەدواداچوون، دەرکەوت کە ژێردەریاییەکە لە ناوەوە بەرەو دەرەوە تەقیوەتەوە و، بەهۆیەوە پێنج سەرنشینەکەی ناوی گیانیان لەدەستداوە.
تیمەکانی ئاسایشی کەناراوی ئەمەریکا و کەنەدا، لە دوورەوە بە کۆنترۆڵ بە دوای ژێردەریاییەکەدا گەڕان و چەند پارچەیەکیان دۆزیيەوە.
دواتر لە بەندەری سانت جۆنس لە کەنەدا، دەستکرا بە کۆکردنەوەی یەکەم پارچەکانی ژێردەریاییەکە.
هێشتا بە تەواوی هەموو پارچەکانی ژێردەریاییەکە نەدۆزراوەتەوە و ناشزانرێت دواتر بەرەو کوێ دەبرێن.