کۆمپانیایەکی چینی پاداشتێکی ساڵانە بۆ ئەو کارمەندانەی تەرخان دەکات کە منداڵ دەخەنەوە

K24- هەولێر

یەکێک لە کۆمپانیا گەشتیاریەکانی چین پلانی داناوە هەر کارمەندێکی کۆمپانیاکەی منداڵی زیاتری ببێت. تاوەکو پێنج ساڵ پاداشتێکی ساڵانەی پێدەدات کە بڕەکەی 10 هەزار یوانی چینیە.

کۆمپانیای "تریپ دۆت جۆم" کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی گەشتکردن لە چین، پلانی ئەوەی هەیە یەک ملیار یوان (138 ملیۆن دۆلار) وەک یارمەتییەک دابین بکات بۆ هاندانی 32 هەزار کارمەندی خۆی بۆ ئەوەی منداڵیان هەبێت.

ئەو کارمەندانەی کە لانی کەم بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ کۆمپانیاکەدا کاریان کردووە، پاداشتێکی ساڵانە بەبڕی 10 هەزار یوانی چینی کە دەکاتە 1376 دۆلار، بۆهەر منداڵێک کە لە یەکەم رۆژی لەدایک بوونیانەوە تاوەکو تەمەنی پێنج ساڵی وەردەگرن.

بەگوێرەی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریکی جەیمس لیانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، لەراگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "بە ناساندنی ئەم تایبەتمەندییە نوێیەی چاودێری منداڵان، ئامانجمان دابینکردنی پاڵپشتی داراییە کە هانی کارمەندەکانمان دەدات خێزانەکانیان دروست بکەن یان گەشە بکەن بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر ئامانج و دەستکەوتە پیشەییەکانیان هەبێت".

ئەم ڕاگەیاندنەی کۆمپانیاکە دوای دەستپێشخەرییە هاوشێوەکانی کۆمپانیا بچووکەکانی چین دێت و لە کاتێکدا وڵاتەکە رووبەڕووی قەیرانی دیمۆگرافی دەبێتەوە.

لە ساڵی 2015 دا، چین سیاسەتی "یەک منداڵ"ی هەڵوەشاندەوە کە دەیان ساڵ بوو پەیڕەوی دەکرد، لە ئێستادا رێگەی بە بە هاوسەران دەدات دوو منداڵیان ببێت.

لیانگ گوتیشی: "من هەمیشە پێشنیاری ئەوەم کردووە کە حکومەت پارە بدات بەو خێزانانەی منداڵیان هەیە، بۆ کەمکردنەوەی تێچوونی بەخێوکردن و یارمەتیدانی گەنجانی زیاتر بۆ بەدیهێنانی ئارەزووی منداڵبوونیان".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمپانیاکان دەتوانن رۆڵێک بگێڕن لە چوارچێوەی تواناکانی خۆیاندا بۆ بنیاتنانی ژینگەیەکی گونجاو بۆ زاوزێکردن".

کەمی ڕێژەی لەدایکبوون تاکە نیگەرانی نییە لە چین، بەڵکو کێشەیەکی دیکە هەیە کە پەیوەستە بە نەبوونی داواکاری بۆ هاوسەرگیری.

 چین لە ساڵی 2022 دا 6.83 ملیۆن هاوسەرگیری کردووە، ئەمەش بەپێی ئەو داتایانەی کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەلایەن وەزارەتی کاروباری مەدەنی چینەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەمەش بە ڕێژەی 10.5٪ کەمترە لەو 7.63 ملیۆن هاوسەرگیرییەی لە ساڵی 2021 تۆمارکراوە، ئەمەش کەمترین ژمارەیە لەوەتەی وەزارەتی دەرەوەی چین لە ساڵی 1986 دەستی بە بڵاوکردنەوەی داتاکان کردووە.

سیاسەتمەداران لە ساڵی 2021 دا سنووردارکردنی منداڵبوونیان کەمکردەوە، رێگەیان بە لەدایکبوونی سێ منداڵ دا، هەروەها هەوڵەکانیان دوو هێندە کرد بۆ هاندانی خێزانە گەورەکان لەوانە دەرکردنی پلانێک لە ساڵی رابردوودا بۆ بەهێزکردنی مۆڵەتی دایکبوون و پێشکەشکردنی کەمکردنەوەی باج و سوودی دیکە بۆ خێزانەکان، بەڵام ئەم هەوڵانە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.