لە سووریاوە هێرشدەکرێتە سەر ئیسرائیل و ئەویش لە وەڵامدا مووشەکبارانی حمس دەکات

دیمەنێکی دوای هێرشە مووشەکییەکە کە میدیای سووریا بڵاویکردووەتەوە
دیمەنێکی دوای هێرشە مووشەکییەکە کە میدیای سووریا بڵاویکردووەتەوە

K24 - هەولێر

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، مووشەکێکی دژە فڕۆکە لە ناو خاکی سووریاوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کراوە. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤیش رایدەگەیەنێت، ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر پارێزگای حمس و هێرشەکە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی تەممووزی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە "مووشەکێکی دژە فڕۆکە لە ناو خاکی سووریاوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرا. پێدەچێت مووشەکەکە لە ئاسماندا تەقیبێتەوە". ئاماژە بەوەش کراوە، لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی رووداوەکە دەکرێت.

هاوکات رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بەشێک لە پارچەکانی مووشەکەکە کە لە سووریاوە ئاراستە کرا بوو و لە ئاسماندا تەقیبووەوە، لە شاری رەحات باشووری ئیسرائیل کەوتووەتە خوارەوە و رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەرپەچی هێرشێکی مووشەکی ئیسرائیلیان بۆ سەر چەند ئامانجێک لە دەوروبەری حمس داوەتەوە.

سەرچاوەیەكی سەربازی لە بەیاننامەیەكدا بۆ سانا ڕایگەیاندووە، نزیكەی كاتژمێر 12:20 خوولەكی بەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی لە ئاراستەی باكووری ڕۆژهەڵاتی بەیروتەوە ئەنجامدا و هەندێك خاڵی لە دەوروبەری شاری حومس كردە ئامانج.

لەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشە مووشەکییە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە، "لە هێرشە مووشەکییەکەی ئیسرائیل بۆسەر پارێزگای حمس پێنج چەکداری میلیشیاکانی ئێران کوژران و برینداربوون".

لای خۆیەوە ئەفیخای ئەدارعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل (کە بۆ میدیا عەرەبییەکان دەدوێت) رایگەیاند، ئەو هێرشەی کردوویانەتە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی لەناوخاکی سووریا وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو هێرشەی لەناو خاکی ئەو وڵاتەوەتە کرایە سەر ئیسرائیل.

لە دەستپێکی جەنگی ناوخۆی سووریاوە لە ساڵی 2011 تا ئێستا، ئەمە دەبێتە 19ـهەمین هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی حکومەتی سووریا و گرووپەکانی سەر بە ئێران لەو وڵاتە. سوپای ئیسرائیل بەردەوام دووپاتیدەکاتەوە، رێگە بە چەکدارانی ئێرانی نادەن لە سووریا پێگەیان هەبێت و بەردەوامیش دەیانکانە ئامانج.