تــــــــەواو؛ ئێمبــــــــــــاپێ لە پاریــــــــس سانجێرمان مایــــــــــەوە

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

جارێکی دیکە ریاڵ مەدرید لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ بێ هیوابووە و بەرپرسانی یانە ئیسپانییەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ناتوانن ئەم هاوینە بیگوازنەوە و ئێمباپێ لە پاریس دەمێنێتەوە.
خۆسێ فیلێکس دیاز رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی لە رۆژنامەی مارکا رایگەیاندووە، بەرپرسانی ریاڵ مەدرید لە گواستنەوەی ئێمباپێ بێ هیوابوون و پێیانوایە ئەم هاوینە ناتوانن بیگوازنەوە چونکە نرخی ئێمباپێ لەم هاوینە دەگاتە 240 ملیۆن یۆرۆ، وردەکارییەکانی گرێبەستەکەشی لەگەڵ پاریس تەواو پرۆسەکەی ئاڵۆز کردووە، بۆیە بەرپرسانی ریاڵ مەدرید دەستیان لە هێرشبەرە فەرەنسییەکە شووشتووەتەوە و نایانەوێت چیدیکە خۆیان سەرقاڵی دەنگۆیەکانی ئێمباپێ بکەن.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی راشیگەیاندووە ئێمباپێ بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێبکاتەوە، بەڵام ئامادەیە وەرزی داهاتوو لە پاریس بمێنێتەوە بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی ببە ریزەکانی ریاڵ مەدریدەوە بکات.

بەندێکی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس بە هۆکارێکی سەرەکی مانەوەی ئێمباپێ لە پاریس دادەنرێت، چونکە بەگوێرەی ئەو بەندە لەکۆتایی گرێبەستەکەی واتە هایونی داهاتوو دەبێت پاریس 170 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشت بە هێرشبەرە فەرەنسییەکە بدات، بۆیە کیلیان نایەوێت ئەو پارەیەی لەدەست بچێت، ئامادەش نییە دەستبەرداری خەونی یاریکردنی لە ریاڵ مەدرید بێت و گرێبەستەکەی نوێناکاتەوە.

ئەمڕۆ پاریس سانجێرمان درێسی دووەمی بۆ وەرزی نوێ بڵاوکردەوە، کیلیان ئێمباپێ یەکێکە لەو یاریزانانەی درێسە نوێیەکەی پاریسیان پۆشیوە و وێنەیان بەو درێسە گرتووە.