بەهۆی کێشەی داراییەوە هەڕەشەی داخستنی کەناڵی فەرمی لوبنان دەکرێت
K24 - هەولێر
کارمەندێکی تەلەفزیۆنی فەرمی لوبنانی ، بارودۆخی خۆی لەگەڵ هاوکارەکانی لەم دامەزراوەیە باس دەکات، نزیکەی 35 ساڵە وەک بەڕێوەبەرێک تێیدا کاردەکات، بە شەرقولئەوسەتی گوت، ئەم دەزگایەی وڵات بەدەست کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبوو دەناڵێنێت.
دواجار قەیرانی تەلەفزیۆنی فەرمی لوبنان تەقیەوە، ئەوەش دوای ئەو مانگرتنەی فەرمانبەران ئەنجامیاندا و داوای باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان دەکرد، کەڵەکەبوونی کێشەکان و بێتوانایی دارایی و بۆشایی دەستەی کارگێڕی بووە هۆکاری نیگەرانی لە تەلەفزیۆنی فەرمی، کە یەکەم شاشەی تەلەفزیۆنی عەرەبی بوو لە ساڵی 1957.
زیاد ئەلمەکاری، وەزیری راگەیاندنی لوبنان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بودجەی مانگانەی تەلەفزیۆنی لوبنان بڕی 15 هەزار دۆلارە و دەشڵێت، "ئێمە لەبەرامبەر دوو بژاردەدا بووین، یان کەناڵەکە هەڵبوەشێنینەوە یان بمێنینەوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، تەلەفزیۆنەکە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار قەرزارە، هەروەها بەڕێوەبەری تێدا هەیە کە مانگانە 25 تا 30 دۆلار داهاتیان هەیە".
باسم جابر، کارمەندی تەلەفزیۆنی فەرمی لوبنانی دەڵێت: تەنها دوو کەس بەم کۆمپانیایە تێپەڕیون و توانیان جیاوازی دروست بکەن. فوئاد نەعیم یەکەم کەس بوو کە پەرەی بەم دامەزراوەیە دا، رۆڵی خۆی وەک یەکێک لە سیمبولە میدیاییە کۆنەکانی لوبنان گەڕاندەوە، بە بەرنامەی گونجاو بۆی دەوڵەمەندی کرد. سەردەمێکی سەرکەوتووی تیڤی بووە.
سەبارەت بە کەسی دووەم کە بەهەمان شێوە کاری زۆری کردووە بۆ دەرهێنانی دامەزراوەکە لەو بارودۆخە خراپە، ئەوە بەڕێوەبەری گشتی پێشوو بووە، تەلال ئەلمەقدیسی، ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاری لەسەر پەرەپێدانی تەلەفزیۆنی لوبنان کردووە، بە تەکنەلۆژیای مۆدێرن و بە تەواوی نوێی کردووەتەوە"، هەروەها بووە هۆی ئەوەی لوبنانییەکان جارێکی دیکە سەیری ئەم شاشەیە بکەنەوە، ئەمەش بەهۆی پەخشکردنی یارییە نێودەوڵەتییەکانی تۆپی پێ و باسکە.
جابر گوتیشی: وڵات کار بۆ کۆتایی هێنان بەم دامەزراوەیە دەکات، هەر بۆیەش خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە، هەروەها بەڕێوەبەرێکی گشتی نوێی بۆ دیاری دەکات کە لە شوێنی شیاودا پیاوی شیاو بێت.
لە کۆتاییدا دەڵێت: من هەفتانە 70 کاتژمێر کاردەکەم، چونکە ئەم دامەزراوەیەم خۆشدەوێت و دڵسۆزم بۆی، بەڵام مووچەکانمان ٣٠ دۆلار بێت ئەوە قبوڵ ناکرێت.
ئەم دامەزراوەیە ماوەی 14 ساڵە بەبێ بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری کارگێڕی کاردەکات، ئەو فەرمانبەرانە کە ژمارەیان لە 190 کەس زیاتر نییە، دەناڵێنن بەدەست پشتگوێخستنی مافە ماددی و مەعنەویەکانیان.
حەنا بویری سەرۆکی سەندیکای فەرمانبەران لە کەناڵی لوبنان بەشەرقولئەوسەتی راگەیاند: "لە ساڵی 2017ەوە مووچەمان بە نرخی 1500 لیرە بەرامبەر بە یەک دۆلار وەردەگرین، لە کاتێکدا ئێستا نرخی راستەقینەی دۆلار لە 100 هەزار لیرە نزیک بووەتەوە، ئێمە هیچ هاوکاری و یارمەتییەکمان وەرنەگرتووە، کەسیش گرنگی بە بارودۆخی ئێمە نادات.
گوتیشی: وڵات توانی ئەو فەرمانەمان بۆ جێبەجێ بکات کە لەم دواییانەدا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، کە مافی دابینکردنی شەش مووچەی زیادە بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دەدات، بەڵام بە بیانووی ئەوەی کە تەلەفزیۆنی لوبنان کۆمپانیایەکی تایبەتە رەتیانکردەوە. بەڵام ئێمە کۆمپانیای وڵاتین، مافی خۆمانە لە پارەی گشتی سوودمەند بین، چونکە مووچەکانمان لە پارەی گشتی دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە وادەیەکی دیاریکراومان پێدا تا سەرەتای مانگی تەمموز، ئەگەرنا دەچینە دادگا، هەروەها بە مانگرتنی ئاشکرا جموجۆڵەکانمان فراوانتر دەکەین و پەخشکردنی بەرنامە و بۆڵتنی هەواڵەکان دەوەستێنین، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین کە ئەم بینایە بە کراوەیی بە رووی بینەراندا بمێنێتەوە.