گەشتوگوزاری سۆران: دەڤەری سۆران خەریکە ناسنامەی گەشتیاری هەرێمی کوردستان وەردەگرێت

K24 - هەولێر:

لە رۆژانی جەژنی قوربان، زیاتر لە 134 ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆرانیان کردووە و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت: دەڤەری سۆران خەریکە ناسنامەی گەشتیاری هەرێمی کوردستان وەردەگرێت.

بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری تایبەت بە رۆژانی جەژنی قوربانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە رۆژانی پشووی جەژنی قورباندا زیاتر لە 134 ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆرانیان كردووە.

فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران روونیشیکردەوە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی و ئەو باگراوندەی هەیەتی، بووەتە ناوچەیەکی گرنگی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، گوتیشی: دەڤەری سۆران خەریکە ناسنامەی گەشتیاری هەرێمی کوردستان وەردەگرێت.

راشیگەیاند، هەوڵدەدەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وەک پایتەختی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان بناسرێت.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، لەو ژمارە زۆرەی گەشتیار کە لە رۆژانی پشووی جەژن سەردانی ناوچەکەیان کردووە، زیاتر لە 52 ھەزاریان گەشتیاری ناوخۆ و نزیكەی 80 ھەزار گەشتیاریش لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون.

ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە سێ هەزار گەشتیار لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوونەتە دەڤەری سۆران.

هەر بەپێی ئامارەکانی گەشتوگوزاری سۆران، لە چوار شەوی جەژنی قورباندا، 64 هەزار گەشتیار لە شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆران ماونەتەوە، لەوبارەیەوە فەیسەڵ سدیق گوتی: ئەمە مایەی دڵخۆشیە، چونکە ئێمە چاوەڕێی مانەوەی ئەو بڕە زۆرەی گەشتیارمان نەدەکرد.

ئەمە لە کاتێکدایە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتوگوزارەوە راگەیەندراون، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە پشووی جەژنی قورباندا سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەمشێوەیە بووە:

- هەولێر، نزیکەی 144 هەزار گەشتیار

- هەڵەبجە، 100 هەزار گەشتیار

- دهۆک، 96 هەزار گەشتیار

- زاخۆ، 54 هەزار گەشتیار

- زاخۆ، 54 هەزار گەشتیار

- گەرمیان، 15,899 گەشتیار