تورکیا راگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی درێژکردەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

K24 - هەولێر

تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ شەش مانگی دیکە درێژکردەوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی تەممووزی 2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ڕۆژی 3ی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 درێژکردووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە 18ـی حوزەیرانی 2023، پارێزگاری بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، "هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا و هەڵگرتنی ئاستەنگەکان لە بەردەم فڕۆکەخانەی سلێمانی و ئەگەر هیچ بارودۆخێکی نەخوازراو نەیەتە پێشەوە مانگی داهاتوو (تەممووز) ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت."

رۆژی شەممە 3ی نیسانی 2023، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕاگرت. دواتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەم پێشهاتە تا مانگی حەوتی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و هۆکارەکەشی بۆ "زیادبوونی چالاکییەکانی پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی" گەڕاندەوە.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەکەوێتە بەکرەجۆ بەدووری 15 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانی، فڕۆکەخانەکە لە ساڵی 2003 بەردی بناغەی بۆ دانراو و لە ساڵی 2005 بەتەواوی بەکار خرا.