هەڵگورد شێخ نەجیب: بە قەزاکردنی خەلیفان رۆتیناتی ئیداری کەمدەکاتەوە
K24 – هەولێر:
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رایدەگەیەنێت، بە قەزابوونی شارۆچكهى خەلیفان و بە شارەدێکردنی گوندی سرێشمە لە رووی کارگیڕیییەوە خزمەتێکی زۆر بە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دەکات. هەروەها گوتیشی: بە قەزاکردنی خەلیفان رۆتیناتی ئیداری کەمدەکاتەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی سۆران بڕیاری سەربەخۆبوونی بۆ دەرچوو، دواتر بە ئامانجی کەمکردنەوەی رۆتینات و خزمەتکردنی زیاتر بەو ناوچانە، بڕیار بۆ بە قەزابوونی شارۆچكهى خەلیفان و بە شارەدێکردنی گوندی سرێشمە دەرچوو.
هەروەها راشیگەیاند، بە قەزابوونی شارۆچكهى خەلیفان و بە شارەدێکردنی گوندی سرێشمە خزمەتێکی زۆر بە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دەکات.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جەختی لەوەشکردەوە، هەوڵدەدەین زۆرترین خزمەتگوزاری بگاتە ئەم ناوچانە و هەوڵی پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەدەین لە گشت سێکتەرەکانەوە.
دوێنێ گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فهرمانى ههرێمى بۆ كردنى شارۆچكهى خهليفان به قهزا و كردنى گوندى سرێشمه به ناحيه واژۆ كرد و لهمڕۆوه فهرمانهكه دهكهوێته بوارى جێبهجێكردنهوه، بهم بڕيارهش له ههموو روويهكهوه ئاسانكارى و خزمهتێكى باشترى ناوچهى خهليفان و دانيشتوانى سنوورهكه دهكرێت.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پێنج قەزا پێک دێت، شارۆچکەی خەلیفان 11 کیلۆمەتر لە سۆرانەوە دوورە و لە ساڵی 1967بووە بە شارۆچکە، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 40 هەزار کەسە و لە 63 گوندیش پێکدێت.
هەروەها، سرێشمە یەکێکە لە گوندەکانی شارۆچکەی خەلیفان، لە پارێزگای ھەولێر، دانیشتووانەکەی نزیکەی 5185 کەسن و گەورەترین گوندی دەڤەری خەلیفانە.