لە چین بەهۆی باران بارینی بەخوڕەوە 15 کەس گیانیان لەدەستدا

تیمی فریاکەوتنی چین
تیمی فریاکەوتنی چین

K24 - هەولێر

ئاژانسی هەواڵی فەرمی چینی رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە باشووری رۆژئاوای چین، 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی "شینهوا"ی چینی لە زاری دەسەڵاتدارانی ناوخۆییەوە بڵاویکردەوە، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕی ئەم دواییە، کە لە رۆژی دووشەممەوە دەستی پێکردووە، 15 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها چوار کەسی دیکەش لە ناوچەی چۆنگچینگ لە باکووری رۆژئاوای چین بێسەروشوێن بوونە.

ژمارەی گیانلەدەستدانی ئەو کەسانە دوای ئەوە هات، کە رۆژی سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی باری ئامادەباشی راگەیاند، هەروەها پێشبینی ئەگەری روودانی کارەساتیشی راگەیەندبوو بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری رۆژهەڵاتی چین.

شی جیپینگ سەرۆکی چین، فەرمانی دا کە دەسەڵاتداران لە هەموو ئاستەکاندا ئەولەویەت بدەن بە دڵنیابوون لە سەلامەتی دانیشتووان و پاراستنی موڵک و ماڵیان.

شینخوا ئاماژەی بەوەشکردووە، شی جیپینگ "جەختی لەسەر پێویستی بەرپرسان لە هەموو ئاستەکاندا کردووەتەوە بۆ دەستپێشخەری بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو و کەمکردنەوەی زیانەکان بکەن".

بەگوێرەی ئاژانسەکە، پردێکی هێڵی ئاسنین بەهۆی بارانبارین لە شاری چۆنگچینگ کە ژمارەی دانیشتووانی 31 ملیۆن کەسە، بەشێکی رووخاوە.

دەسەڵاتداران ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە نزیکەی 85 هەزار کەس بەهۆی باران بارینەوە، ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.