سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە خەرجی ساڵێکی خوێندنی بوشرا لە ئەستۆ دەگرێت
K24 – شارەدێی سیروان:
بوشرا بایەر لەنێودۆخێکی هەژاری و سەختی ژیاندا توانی یەکەمی شارەدێی سیروان و چوارەمی پارێزگای هەڵەبجە بێت لەسەر ئاستی زانستی بەکۆنمرەی 95.6، هەروەها بەهۆی ئەم دۆخە داراییە قورسەیان، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە خەرجی ساڵێکی خوێندنی بوشرا لە ئەستۆ دەگرێت.
مەهاباد کامل عەبدوڵڵا، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "وێڕای پیرۆزبایم لە بوشرا بایەر بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیی کە بەدەستی هێناوە، لەودۆخە داراییە قورسەیی کە تێیدان، خەرجی یەک ساڵی خوێندنی زانکۆی بوشرا لە ئەستۆ دەگرم".
بوشرا بایەر، یەکەمی شارەدێی سیروان و جوارەمی پارێزگای هەڵەبجە، لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24ـی راگەیاند، زۆربەی ساڵەکانی خوێندنی بە پلەی یەکەم بڕیوە و چاوەڕێی نمرەی بەرزتری دەکرد، بەڵام بە هۆکاری ئەوە توشی نەخۆشی بوو نەیتوانی ئەو نمرەیە بەدەست بهێنێت.
هەروەها راشیگەیاند، هەر لە منداڵیەوە خەونی ئەوە بووە کۆلێژی پزیشکی گشتی تەواو بکات، بۆ ئەوەی لەو رێگەوەیە بتوانێت خزمەت بە دین و بە کۆمەڵگەکەی بکات.
لەلایەکی دیکە ژیان عینایەت، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی بوشرا، گووتی: "ئێمە بە حاڵی بوشرامان نەزانیبوو ئیستا بە حاڵی ئەومان زانی، ئێشتاش چاوەڕی دەکەم لە هەموو کەسێک بۆ ئەوەی بتوانێت هاوکاری بکات و ئاواتەکەی بهێنێتەدی و بۆ ئەوەی کۆلێژی پزیشکی بخوێنێت".
لەلایەن خۆیەوە رەنگین کەریم، دایکی بوشرا، رایگەیاند، هاوکاری بووشرای کردووە و نانی کردووە بۆ ماڵان و باوکیشی کرێکاری کردووە تا پێداوسیتیکان بۆ بوشرا دابینبکەن.
بوشرا بایەر قوتابییەکی دانیشتوی شارەدێی سیروانی پارێزگای هەڵەبجەیە یە وێڕای ئەوەی دۆخی دارای خێزانەکەیان خراپە، باوکی کرێکارە و دایکیشی نان بۆ ماڵان دەکات، توانی بەکۆنمرەی 95.6یەکەمی ئاستی شارەدێی سیروان و چوارەمی پارێزگای هەڵەبجە بێت.