وەزارەتی بازرگانی ئاماری وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە
K24 – هەولێر:
وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لە سایلۆکان زیاتر لە 421 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە.
رۆژی (6ـی تەمموزی 2023)، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی بەبازاڕکردنی گەنم لە سایلۆکانی کوردستان بەردەوامە و تائێستا بڕی 421 هەزار و 145 تۆن گەنم وەرگیراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێم لە سایلۆکان سنووری پارێزگای سلێمانی بڕت 206 هەزار و 417 تۆن گەنم وەرگیراوە و لە هەولێر 105 هەزار و 443 تۆن گەنم و لە دهۆکیش 109 هەزار و 284 تۆن گەنم وەرگیراوە.
هەروەها رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023)، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم رایگەیاند، بڕی 10 ملیار دینار خرایە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تایبەتە بە شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023.
رۆژی (27ـی ئایاری 2023)، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دوای ئەوەی بەغدا بڕی 375 هەزار تۆنی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکردبوو، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدای کرد و ئەو بڕەیان زیادکرد و بڕیاردرا بەشێوەی کراوە گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.