ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: بەڵگەمان هەیە رووسیا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە ئێران کڕیوە
K24 - هەولێر
ئەمەریکا بە پێویستی دەزانێت نەتەوەیەکگرتووەکان بەپەلە لە کڕین و فڕۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەنێوان رووسیا و ئێران بکۆڵێتەوە و بڵاوبوونەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی بە "مەترسییەکی جیهانی" ناودەبات.
رۆژی پێنجشەممە 6ـی حوزەیرانی 2023، لیندا تۆماس-گرینفیڵد، نوێنەری هەمیشەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ، ئاماژەی بەوە کرد، وەک بەڵگە بە پشکنین و لێکۆڵینەوە لەو چەکانەی رووسیا دژی ئۆکرانیا بەکاریان دەهێنێت، پێویستە لێکۆڵینەوە لە کڕین و فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکات لە نێوان تاران و مۆسکۆدا.
لە راگەیەندراوێکیدا سەبارەت بە بابەتەکە، لیندا تۆماس-گرینفیڵد رەخنەی لەوە گرت لە راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کە لە دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی خوێندرایەوە، باس لە کڕین و فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەکراوە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
تۆماس-گرینفیڵد ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کڕین و فرۆشتنە پێشێلکردنی بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، بەپێی ئەو بڕیارە بەرپرسیارێتیی سکرتاریەتی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانە لێکۆڵینەوە بکات لە کڕین و فرۆشتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
هەروەها تۆماس-گرینفیڵد ئاماژهی بهوهكردووه، ئەمەریکا بەڵگەی لەبارەی کارکردنی رووسیا و ئێران بۆ دەستەبەرکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەگەڵ سکرتاریەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەش کردووە و گوتی: "سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو بەڵگانەی ئۆکرانیا و لایەنەکانی دیکەی لەبارەی ئەو پێشێلکاریانە پەسەند نەکرد. ئەوە هەڵەیەکی حاشاهەڵنەگرە".
وەکو ئەوەی نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی کرد، پەرەپێدان و بڵاوبوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران "مەترسییەکی جیهانییە."
تۆماس-گرینفیڵد گوتیشی: "پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان بەبێ دواکەوتن تیمێکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون رەوانەی ئۆکرانیا بکات بۆ پشکنینی پاشماوەی ئەو چەکانەی رووسیا دژ بە کیێڤ بەکاریهێناون".