وەزیری تەندروستیی عێراق گەیشتە تاران؛ "ژمارەیەک پرۆتۆکۆلی هەماهەنگیی واژوو دەکرێن"

کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئێران | وێنە: ئاژانسی هەواڵی عێراقی
کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئێران | وێنە: ئاژانسی هەواڵی عێراقی

K24 - هەولێر

"لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان بە ئامانجی پەرەپێدان بە کەرتی تەندروستیی لە وڵاتەکەدا"، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئێران.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق ئەجێندا و ئامانجی سەردانەکەی ساڵح حەسناوی بۆ تاران ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە میانی سەردانەکەیدا، حەسناوی ژمارەیەک پڕۆتۆکۆلی هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنی ئێرانی واژوو دەکات.

سەیف بەدر لە لێدوانەکەیدا راشیگەیاند "لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ پەیوەندیی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان بە ئامانجی پەرەپێدان بە کەرتی تەندروستیی لە وڵاتەکەدا وەک کاری لە پێشینەی کارنامەی حکومەت، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وەزارەت لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئەمرۆ هەینی گەیشتووەتە تاران".

وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق باسی دەکات، سەردانەکە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵاتە و لە میانیدا ژمارەیەک پرۆتۆکۆلی هەماهەنگیی واژوو دەکرێن کە پێشتر لە چوارچێوەی زنجیرەیەک رێککەوتن لەگەڵ ئێران لە بەغدا ئامادەکارییان بۆ کراوە.

بەگوتەی سەیف بەدر، رێککەوتنەکان ناسینی پیشەسازی دەرمان لە ئێران و پەرەپێدان بە ئەزموونی ئێران لە پیشەسازی دەرمان لە عێراق لەخۆ دەگرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، سەردانەکەی ساڵح حەسناوی و شاندی یاوەری بۆ ئێران سێ رۆژ دەخایەنێت و لە میانیدا ژمارەیەک دامەزراوەی زانستی و ئەکادیمی و تەندروستیی بەسەر دەکەنەوە.