عێراق و ئێران یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەبواری تەندروستیدا واژۆکرد

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ شەممە، وەزیری تەندروستی عێراق لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەی، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی بۆ هاریکاری تەندروستی نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرد.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 8/7/2023، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق، لەگەڵ بەهرام عەینوڵڵا، وەزیری تەندروستی ئێران، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ هاوکاری تەندروستی و پزیشکی نێوان عێراق و ئێران واژۆکرد".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە کۆمەڵێک دۆسیەی لەخۆگرتبوو، کە گرنگترینیان بریتین لە بە لۆکاڵیکردنی پیشەسازییەکانی دەرمانسازی، ئاڵوگۆڕی ئەزموونی تەندروستی و پزیشکان و هاوکاریکردن لە بوارە نێودەوڵەتییەکان".