تەرمی هاووڵاتیانی سوودان لەسەر شەقامەکان دەنێژرێن
K24 - هەولێر
پێگەکانی سۆشیال میدیای سوودان بە شێوەیەکی بەرفراوان وێنەی هاووڵاتیانیان لە گەڕەکی ئەلمسالەمە لە ئوم درمان بڵاوکردەوە، لەکاتێکدا تەرمی یەکێک لەو کەسانەی لە شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا لە شەقامی بەردەم ماڵەکەی دەنێژرێت.
بەهۆی زۆری کوژراوان بەخاکسپاردنی تەرمەکان لە دەرەوەی گۆڕستانەکان لە سەرەتای شەڕەوە دەستیپێکردووە، یەکەمجار خوێندکارێکی دەرچووی زانکۆی خەرتوم، کە لە کاتی شەڕدا لەناو کتێبخانەی زانکۆکەدا کوژرا، لەکاتێکدا هاوکارەکانی لەناو باڵەخانەی زانکۆکەدا گیریان خواردبوو، ئەوانیش چەند رۆژێک لەگەڵ تەرمەکە مانەوە و هیچ رێگەیەک نەبوو بۆ ناشتنی لە دەرەوەی شوێنەکە، چونکە تەقە و شەڕ لە دەرەوە بەردەوام بوو، ئەمەش وایکرد بنەماڵەی مردووەکە رێگە بە هاوکارەکانی بدەن لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی زانکۆکەدا بینێژن، بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم گۆڕ لەناو زانکۆکەدا.
لە گەڕەکی ئەلعیمارات لە خەرتوم کە لە کاتژمێرەکانی یەکەمی جەنگەوە شەڕێکی توند لەنێوان سوپا و هێزی پشتیوانی خێرادا روویدا، دوو خوشک لە باخچەی ماڵەکەیاندا بە خاک سپێردران، سەرەڕای سەختی بابەتەکە، بەڵام ئەوە تاکە بژاردە بوو لەو کاتەدا کە لەبەردەستدا بوو.
تەرمی گەڕەکی ئەلمسالەمە جیاواز بوو لەگەڵ ئەوانی تر، بەو پێیەی خەم و پەژارە هەموو ئەو کەسانەی داگرتبوو، کە وێنەکەیان بینی، بەڵام بەشێک لە کەسوکاری کوژراوەکە گوتیان: پەنایان بۆ ئەم چارەسەرە بردووە بۆ ئەوەی تەرمەکان تێک نەچن، هیوادارن دوای کۆتایی هاتنی شەڕ بیانگوازنەوە بۆ گۆڕستانە گشتیەکان.
هاووڵاتییانی ئوم درمان بە شەرقولئەوسەتیان راگەیاندووە، شەڕەکانی رۆژانی رابردوو کوژراوی لێکەوتووەتەوە، کە هەندێکیان لە گۆڕستانە گشتییەکان بەخاک سپێردراون و هەندێکی دیکەشیان لە شەقامەکاندا بەخاک سپێردراون، ئاماژەیان بەوەشکرد، "رێزگرتن لە مردوو ناشتنیەتی، ئێستا زۆرێک لە هاووڵاتیان کفن ئامادە دەکەن و دەیدەن بە بنەماڵەی مردووەکە بەبێ پارە".
خاچی سوور دەڵێت: زیاتر لە هەزار تەرمی لە شەقامەکان کۆکردووەتەوە و بە خاکی سپاردوون، بەڵام نەیتوانیوە ئەرکەکەی تەواو بکەن، بەهۆی نەبوونی رێڕەوی سەلامەت.
هێشتا هەندێک لاشەی کوژراوەکان لە شەقامەکان، لەو شوێنانەی کە جەنگ تێدا بەردەوامە، هەندێک لە لاشەکان سەگ و پشیلە بێلانەکان دەیانخۆن، ئەمەش مەترسی بۆ سەر زیندووەکان دروست دەکەن کە ترسیان لە بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی هەیە بەهۆی شیبوونەوەی ئەو تەرمانە.
ئاماری ناکۆک سەبارەت بە زیانەکانی شەڕی سوودان هەیە، هەندێکیان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو هەزار کوژراوی تێپەڕاندووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت، چونکە دەستڕاگەیشتن بە نەخۆشخانەکان یان شوێنەکانی شەڕ بۆ ژماردنی کوژراوان پڕ مەترسییە، ئەمە جگە لەوەی ژمارەی نادیاری ئەو کەسانەی لە ماڵەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە یان کوژراون.
ئوسامە ئەبوبەکر، چالاکوانی مافی مرۆڤ بەهەمان سەرچاوەی راگەیاند: خەرتوم یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین تەرم لە شەقامەکاندا فڕێدراوە، لە دوای ئەویش شاری ئێل جنین لە رۆژئاوای سوودان دێت.
ئەبوبەکر جەختی لەوەکردەوە، مانگی سووری سوودان کار بۆ کۆکردنەوەی تەرمەکان دەکات بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام رووبەڕووی کێشەی نەبوونی رێگەی سەلامەت بۆ کۆکردنەوەیان دەبێتەوە.
جەختیشی کردەوە کە پێکدادانەکانی نێوان سوپا و "پاڵپشتی خێرا" دەگیرێتەبەر شوێن لە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون؛ ئەمەش دەبێتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل، جگە لە کوژرانی سەربازی لە هەردوولا.
بە گوتەی ئەو چالاکوانە ئەبوبەکر، زیاتر لە 500 هەزار خۆبەخش لە مانگی سووردا لە هەموو شارەکانی سوودان بڵاوبوونەتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێڕەوی سەلامەت، ناتوانن ئەرکەکەیان جێبەجێ بکەن.