دەستەی دەستپاکی: زیاتر لە 220 کەیس و زانیاریی قاچاخچێتیی نەوت لە عێراق تۆمار کراون

دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق، ئاماری فەرمیی کەیس و زانیارییە تۆمارکراوەکانی تایبەت بە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوتی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ لە نێوان ساڵانی 2024 تاوەکو 2026، نزیکەی 228 کەیس و زانیاریی هەواڵدەری لەسەر بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان تۆمار کراون.

یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی راگەیەندراوی فەرمیی دەستەی دەستپاکی، فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەکەدا ئاشکرای کردووە کە لە چوارچێوەی چاودێریکردنی گومان و سەرپێچییە داراییەکان لە کەرتی نەوت و وزەدا، توانیویانە 152 کەیس و 76 زانیاریی هەواڵدەری لەسەر ئاستی سەرانسەری وڵات تۆمار بکەن.

دەستەی دەستپاکی لەبارەی قۆناخی بەڕێوەچوونی کەیسەکانەوە روونی کردەوە، لە کۆی ئەو کەیسە سزاییانەی تۆمار کراون، 53 دۆسیەیان ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەی چڕدان بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و ناردنیان بۆ بەردەم دادوەر، هاوکات 11 کەیسی سەرەکیی گەندەڵی و قاچاخچێتی دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانیان بە فەرمی رەوانەی دادگای تایبەتمەند کراون.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆی ئەو 76 زانیاری و بەڵگەنامەیەی لەسەر تۆڕەکانی دزینی نەوت گەیشتوونەتە دەستەکە، ئێستا 37 زانیارییان لە قۆناخی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی مەیدانیدان تاوەکو لە راستیی بەڵگەکان دڵنیا ببنەوە و تۆمەتبارانی ئەو دۆسیانە دەستنیشان بکەن.

ئاشکراکردنی ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، دۆسیەی دزینی نەوت لە عێراق دەنگدانەوەیەکی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت دوای ئەوەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرماندەی حەشدی شەعبی و نۆ بەرپرسی باڵای ئەمنی و نەوتیی پارێزگای بابلی بەهۆی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر لەسەر کار لادا و فەرمانی گرتنەبەری رێکاری یاسایی توندی لە دژی سەرپێچیکاران دەرکرد.