سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا داوای لە پادشای ئەو وڵاتە کرد حکومەت هەڵبوەشێنێتەوە

K24 - هەولێر:
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، مارک رووتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵندا بەفەرمی داواکاری هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی خستووەتە بەردەم ویلیام ئەلیکساندەر, پادشای هۆڵەندا و چاوەڕوان دەکرێت سبەی یەکشەممە پادشا و سەرۆک وەزیران بۆ ئەم مەبەستە کۆببنەوە.
لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵندا باسی لەوەکرد، رۆژی یەکشەممە لەگەڵ پادشا کۆدەبێتەوە و هۆکاری هەرەسهێنانی هاوپەیمانێتییە چوارقۆڵییەکەی لەهەمبەر پرسی کۆچبەران رووندەکاتەوە.
پارتی راستڕەی ناوەند بەسەرۆکایەتی مارک رووتە، شکستیهێنا لە دیاریکردنی پلانێک بۆ بەهێزکردنی سنوورەکانی هۆڵەندا و پرسی گەیاندنی پەنابەران و خێزانەکانیان بەیەکتر، ئەوەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هۆڵندا.
مارک رووتە لە مێژووی هۆڵەندا خاوەنی درێژترین ماوەی سەرۆکایەتییە و لە ساڵی 2010 وە سەرۆکی حکومەتی هۆڵندایە.
بە گوێرەی ئامارەکان، ژمارەی داواکاری بۆ مافی پەنابەرییەتی لە هۆڵەندا بە رێژەی سێ هێندە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکرد کە گەیشتە 46 هەزار کەس و پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ بگاتە 70 هەزار کەس کە ئەمەش زیاترە لەو ژمارە پێوانەییەی ساڵی 2015 تۆمارکرا.